گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى بەرهەم ساڵح و کازمى لەسەر موچە و هەڵبژاردن

2021.01.18 - 19:17
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى بەرهەم ساڵح و کازمى لەسەر موچە و هەڵبژاردن

ناس کورد-


سەرۆک کۆمارى عێراق و سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەکان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١/١٨ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و گفتوگۆکرا سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵات.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی داهاتوویانکرد و پێداگری کرا لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و پشتیوانی تەواوی خۆشیان دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ.

 

 هەروەها هەردولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی جددی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و زامنکردنی دەرفەتی بەشداری فراوان بۆ گشت هاووڵاتیان.

 

بەپێی راگەیەنراوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئابووری وڵات و بودجەی گشتی کرا، بۆ ئەو مەبەستە ھەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسییە داراییە هەڵپەسێردراوەکان، بەجۆرێک زامنی مافی مووچەخۆران و هاووڵاتیان و چین و توێژە کەمدەرامەتەکان بکات بەبێ جیاوازی.