گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

یەکێتى دەقی پڕۆژەی لامەركەزی  بڵاوکردەوە کە پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كراوە

2021.01.18 - 14:53
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتى دەقی پڕۆژەی لامەركەزی  بڵاوکردەوە کە پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كراوە

ناس کورد-

دەقى پڕۆژەى لامەرکەزى کە لەلایەن ناوەندى کاروبارى یاسایى یەکێتییەوە ئامادەکراوە و پێشکەش بە ئەنجومەنى وەزیران کراوە، بڵاوکرایەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

تەلار لەتیف، لێپرسراوی ناوەندی كاروباری یاسایی یەكێتیی (18ى کانوونى دووەمى 2021) لەبارەى پڕۆژەکەوە رایگەیاند، پڕۆژەكە كە لە 11 ماددە پێكهاتوە لە مانگی ١٢ی ساڵی رابردوەوە پێشكەش بە لیژنەی لامەركەزی لە ئەنجومەنی وەزیران كراوە.

 

دەقی پڕۆژەكە:

ڕەشنووسی پەیڕەوی ژمارە (    ) ساڵی ٢٠٢٠

 

پەیڕەوی نا ناوەندێتی بەڕێوەبردن و دارایی لەهەرێمی كوردستان – عێراق

 

پاڵپشت بە بڕگەی ( ٣ ) لەمادەی ( هەشتەم ) لە یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ١٩٩٢ هەمواركراو، و ئاماژە بە ئاستی كارگێڕی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، و پشت بەستن بەیاسای پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ژمارە ( ٣ ) ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە ( ٤ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و یاسای ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و بڕیاری پەرلەمانی كوردستان تایبەت بە پاڵاوتن و پەسەندكردنی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان ژمارە ( ١ )ی ساڵی ٢٠١٥، و پشتبەستن بە ئەحكامی مادەكای ( دووەم ) و ( پێنجەم ) و ( شەشەم ) لەیاسای ژمارە ( ٣ )ی ساڵی ٢٠٠٩، و بەمەبەستی ڕێكخستنی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان و كارگێڕییان لەهەرێمدا و پەرەپێدانیان، و لەپێناو بەدیهێنانی پرەنسیبی ناسەنتەرت لە دابەشكردنی دەسەڵاتەكان بەمەبەستی ئاسانكاری و چاككردنی گەیاندنی خزمەتگوزارییە گشتیەكان بە هاوڵاتییان و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەكانی دانیشتوانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە (   ) لە ڕۆژی (    /     /٢٠٢٠ ) ئەم پەیڕەوەی خوارەوەی دەركرد :

 

مەبەست لە ناناوەندێتی بەڕێوەبردن و ئامانجەكانی

مادەی یەكەم /

بۆ مەبەستەكانی ئەم پەیڕەوە ( ناناوەندێتی بەڕێوەبردن ) بریتییە لەدابەشكردن و دابەزاندنی دەسەڵاتە كارگێڕی و دارایی و تەكنیكی و یاساییەكان لەنێوان حكومەتە خۆجێیەكان و دامەزراوە ناوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان .

 

مادەی دووەم /

ئامانجەكانی ئەم پەیڕەوە بریتین لەمانەی خوارەوە :

 

1- چەسپاندنی لامەركەزییەتی ئیداریی پارێزگاكان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان و دابەشكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتی.

 

2- نەهێشتنی ڕۆتین و خێرا ڕاپەڕاندنی كاری هاوڵاتییان .

 

3- زامنكردنی دابەزاندن و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە كارگێڕی و دارایی وتەكنیكی و یاساییەكان لە وەزارەت و دەستە و دەزگا و ئەنجومەنە ناوەندییەكان بۆ فەرمانگەكان و سنوری پارێزگاكان و یەكە كارگێڕییەكان .

 

4- زامنكردنی دابەشكردنی داهاتە گشتییەكان لەهەرێم لەنێوان پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەسەر بنەمای دادپەروەری و شایستەبوون .

 

مادەی سێیەم /

1- دابەشكردن و دابەزاندنی ئەو دەسەڵاتە كارگێڕی و دارایی و تەكنیكی و یاساییانەی لەخشتەی هاوپێچی ئەم پەیڕەوە هاتوون بە پارێزگار كە لانی كەم دەسەڵاتەكانە و دەكرێت دەسەڵاتی زیاتر لەوانەش دابەزێندرێت .

 

2- پێویستە لەسەر پارێزگار بەشێك لەدەسەڵاتەكانی هاتوو لەبڕگەی ( ١ )ی سەرەوە دابەزێنێت بۆ سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان.

 

3- خشتەی هاوپێچكراوی ئەم پەیڕەوە هەمان ‌هێزی پاپەندكاری پەیڕەوەكەی هەیە.

 

مادەی چوارەم /

یەكەم : داهاتەكان

تۆماركردنی سەرجەم داهاتی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەجیا لە ئەژمارێكی بانكی تایبەت بە پارێزگا یان ئیدارەی سەربەخۆ كە لەم سەرچاوانەی خوارەوە بەدەستدێت:

 

1- داهاتە نانەوتی و گازییەكان .

1- باجەكان .

2- گومركەكان .

3- رسومات .

4- داهاتە جۆربەجۆرەكانی خزمەتگوزاری دەروازە سنوورییەكان .

5- داهاتی بەكرێدان و موساتەحە و فڕۆشتن و ڕەفتاركردن بە موڵك و ماڵی گشتی گواستراوە و نەگواستراوە .

6- سزا داراییەكان ( غرامات )

2- بەخشین و هاوكاریی و پیتاكی بەخشراو .

3- بەشە بودجەی پارێزگا لە بودجەی گشتی ساڵانەی عێراقی فیدڕاڵ .

 

دووەم /

 هەموو قۆناغەكان و چالاكییەكانی پەیوەست بە پرۆسەكانی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەكان بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ پارێزگا، بۆ ئەو مەبەستەش پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆ ئامادەی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباەی نەوت و گاز دەبێت لەكاتی گفتوگۆكردن و بڕیاردان لەسەر ئەو قۆناغ و چالاكییەی دەكەوێتە سنوری جوگرافیاكەی و بەپێی تایبەتمەندیتی بۆ زامنكردنی بەشداری لەبڕیاردان و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانی و پاراستنی بەرژەوەندی دانیشتوانەكەی .

 

مادەی پێنجەم /

خەرجیەكان

لەدوای داشكاندنی بڕێك لەداهاتی ناوخۆی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان كەبەدەستدەهێنرێن لە سەرچاوەكانی هاتوو لەمادەی ( چوارەم )ی ئەم پەیڕەوە، بۆ مەبەستی بەشداری لەخەرجییەكانی بەكاربردنی دامودەزگا ناوەندییەكانی سەر ئاستی هەرێم و تەواوكاریی تەرخانكراوی سەرباری بۆ مووچە و خەرجییەكانی كارەبا بەپێی ڕێژەی دانیشتوانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەكی سەربەخۆ و بەپێی ڕێككەوتن، ئەوا پارێزگا  و ئیدارەی سەربەخۆ دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەمانەی لای خوارەوەی دەبێت لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییە داراییەكان دوای داڕشتنەوەی ئەو ڕێنماییە داراییانەی بەجۆرێك لەگەڵ ئەحكامەكانی ئەم پەیڕەوە بگونجێت :

 

1- خەرجكردنی بودجەی بەكاربردنی پەسەندكراوە ( جگە لەمووچە ) لەسنوری پارێزگا .

2- خەرجكردنی بوودجەی وەبەرهێنان بە پەسەندێتی ئەنجومەنی پارێزگا .

 

مادەی شەشەم /

1- بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم پەیڕەوە ئەنجومەنێك پێكدێت بەناوی ( ئەنجومەنی هەماهەنگی لەگەڵا حكومەتە خۆجێتییەكان ) بەسەرۆكایەتی ( سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ) و جێگرایەتی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، و ئەندامێتی هەریەك لە ( وەزیری دارایی و ئابووری ، وەزیری سامانەسروشتییەكان ، وەزیری ناوخۆ ، وەزیری پلاندانان ، سەرۆكی دیوان ، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ، پارێزگارەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان ) كە دواتر بە پەیڕەوێكی ناوخۆیی وردەكاری ئەم ئەنجومەنە ڕێكدەخرێت .

 

2- ئەم ئەنجومەنە كاردەكات بۆ :

1- چۆنیەتی و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان.

2- چاودێری جێبەجێكردنی دەسەڵاتەكان لە پارێزگاكاندا .

 

مادەی حەوتەم /

لەكاتی دروستبوونی هەر دۆخێكی نەخوازراو كە ببێتە هۆی ئەوەی بودجەی ساڵانە پەسەند نەكرێت لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، ئەوا ئەو پارێزگایە پڕۆژە بودجەكەیان بەركار دەبێت .

 

مادەی هەشتەم /

پارێزگار دەسەڵاتی دەركردنی ڕێنمایی هەیە دوای پەسەندكردنی لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی دەسەڵاتەكان .

 

مادەی نۆیەم /

لەكاتی دەركردنی هەر پەیڕەو و بڕیارێك لە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ كاریگەری هەبێت لەسەر بڕگە و مادەكانی ئەم پەیڕەوە، دەبێت ڕەزامەندی پارێزگاكە وەربگرێت .

 

مادەی دەیەم /

كار بەهیچ پەیڕەو و بڕیار و ڕێنماییەك ناكرێ بە پێچەوانەی بڕگە و مادەكانی ئەم پەیڕەوە بێت .

 

مادەی یانزەیەم /

 ئەم پەیڕەوە جێبەجێ دەكرێت لەڕۆژی پەسەندكردنییەوە .