گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆسییەکەی هێلین ئاوات

دوایین زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی (هێلین ئاوات) لەسەر زارى نەقیبى سەندیکاى هونەرمەندان

2021.01.18 - 11:17
App store icon Play store icon Play store icon
دوایین زانیاری لەسەر دەستگیرکردنی (هێلین ئاوات) لەسەر زارى نەقیبى سەندیکاى هونەرمەندان

ناس کورد-

لەدوای دەستگیرکردنی کچە مۆدێلێک لەسەر "سوکایەتیکردن بە هونەرمەند کەریم کابان" سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان ڕایگەیاند، سکاڵاکەیان دەکشێننەوە و نایانەوێت کەس ئازار بدەن، تەنها ویستویانە ئەو کەسە ئاگادار بکەنەوە و خەڵکیتریش ئاگاداربێت و کاری لەو شێوەیە نەکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نیاز نوری، نەقیبی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "لەدوای سوکایەتیکردن بە هونەرمەند، کەریم کابان لەلایەن خانمێکەوە،  گفتوگۆمان لەگەڵ خێزانەکەی کرد و بڕیارماندا سکاڵا لەسەر ئەو خانمە تۆماربکەین، بۆ ئەوەی ئیتر ڕێگە بگرین لەوەی سوکایەتی بە سمبولەکانی کۆمەڵگە بکەن."

 

وتیشی، "لەدوای سکاڵاکەمان، ئەو خانمە لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەراوە دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا دەستبەسەرە و لە زیندانە."

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "تاوەکو ئێستا داوا یاساییەکەمان نەکشاندووەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئەو داوای لێبوردنی کردووە ئەمڕۆ سکاڵاکە دەکشێنینەوە، چونکە ئێمە نامانەوێت کەس ئازار بدەین، تەنها دەمانەوێت کارەکان بە یاسایی بڕوات."

 

باسی لەوەشکرد، "نیازمان هەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە کارێک بکەین کە ئەو جۆرە سوکایەتی و دیاردانە کەمبکەینەوە و بەرەو بنبڕکردنی ببەین."

 

قسەیەکى هێلین ئاواتی تەمەن 22 ساڵان لەبارەى هونەرمەند کەریم کابانەوە لەچەند رۆژى رابردوودا تەواوى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنى و دەنگدانەوەیەکى زۆرى دروستکرد و بنەماڵەى ئەو هونەرمەندە و سەندیکاى هونەرمەندانى بەدەنگ هێنا.  

  

دواى کاردانەوەکان هێلین لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا داواى لێبوردنى لە بنەماڵەى ئەو هونەرمەندە کرد، بەڵام سەندیکاى هونەرمەندان سوربوو لەسەر تۆمارکردنى سکاڵا لەسەرى بەتۆمەتى "ناوزڕاندن" تا بەپێی یاسا مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.  

  

نەقیب سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" (17ى کانوونى دووەمى 2021) رایگەیاند، لەسەر سکاڵاى سەندیکاى هونەرمەندان، ئەو کچە لەلایەن بنکەى پۆلیسى سەراوە ئەمڕۆ یەکشەممە دەستگیرکراوە.  

  

وتیشى "دەستگیرکردنى بەپێی فەرمانى دادوەر بووە و ئێستا لە زینداندایە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەى بەردەوامە".  

  

سکاڵاکە بەپێی یاساى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندى لەسەر ئەو کچە تۆمارکراوە، کە سەرەڕاى ئەوەى خۆى بە راگەیاندنکار دەناسێنێت، لە هەژمارە فەرمییەکانیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک کچە مۆدێلێک دەردەکەوێت، هەرچەندە خۆى رەتیدەکاتەوە کە کارى مۆدێل بکات.  



هێلین لەگرتەیەکى ڤیدیۆییدا کە پێش دەستگیرکردنى بڵاویکردووەتەوە و "ناس کورد" بینویەتى جەختدەکاتەوە کە ئەو مەبەستى لە سوکایەتیکردن نەبووە بەو هونەرمەندە و دەڵێت ڤیدیۆکەى بەو شێوەیە نەکردووە کە بڵاوبووەتەوە.  

  

"ئەو کچە لە پۆلیس وتەى لێوەرگیراوە و دەڵێت بەمەبەستى تەشهیر ئەوەى نەوتووە و قسەیەک بووە و وتویەتى" سەرکەوت ئەحمەد وایوت.  

  

ئەو یاسایەى کە ئەو کچەى پێ دەستگیرکراوە سزاى جیاجیاى داناوە بۆ تۆمەتى "ناوزڕاندن" لە رێگەى ئینتەرنێت و ئامێرەکانى پەیوەندییەوە، لە پێبژاردنەوە تا دەگاتە 15 ساڵ، بەڵام دیار نییە چ سزایەک چاوەڕوانى هێلین دەکات.  

  

وتەبێژى پۆلیسى سلێمانى دەڵێت "دادگا دەزانێت سزاکەى چى دەبێت، ئەگەر تەنازول بکرێت دۆسیەکە دادەخرێت، بەپێی خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندى گیراوە کە تا 15 ساڵ زیندانى تێدایە، بەڵام ئەگەر تەنازول هەبێت رەنگە دادگا دایبخات، بەڵام ئەوە ئیشى دادگایە نەک پۆلیس".