کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بڕیاردەری لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو ڕاگەیەندراوەى لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەمانی کوردستانە بەناوی لیژنەکەوە بڵاوکراوەتەوە لەبارەى ڕووداوەکانى خانەقین و دوبز و گوندەکانی سەر بەناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای کەرکووک هیچ پەیوەندییەکی بە لیژنەکەوە نییە و تەنها ڕای سەرۆکە، نە جێگری و نە بڕیاردەر نە ئەندامانى فراکسیۆنەکانى تر ئاگایان لێی نەبووە. لە ڕاگەیەنراوەکەی ڕۆژی 23ی ئایاری 2019ی ماڵپەڕی پەرلەمانى کوردستاندا هاتووە، "لێکۆڵینەوەمان لەم هەنگاوە مەترسیدارە کرد و بەهیمەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی کەهەر زوو بەدەنگییانەوە هات و بەدانیشتنی لیژنەکەمان لەگەڵ جووتیارانی ئەو گوندانەو بەرزکردنەوەی ڕاپۆرتمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان توانرا ڕێگە لەو پلانە بگیرێت." . عەبدولناسر ئەحمەد، بڕیاردەری لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی وت، "ئەو بۆچوون و ڕاگەیەندراوە هیچ کەسێکی لیژنەکەمان لە سەرجەم فراکسیۆنەکان ئاگاداری نەبووە، تهنها ڕاو و بۆچونی سهرۆكی لیژنه و ئهندامانی فراكسیۆنهكهیهتی و بۆ موزایەدەی سیاسی کراوە." وتیشی، ئەو کێشانە تەنها بە پەرلەمان و حکومەت و دەزگا یاساییەکان چارەسەر دەکرێت و نەوەک بە کەسانی حزبی و هیچ کەسێک لە دەرەوەی دامەزراوە یاساییەکان ناتوانێت دەست وەربداتە ئەو کارانە و بەهیچ شێوەیەکیش دۆخی ئەو ناوچانە چارەسەر نەکراوە و وەک خۆیەتی و ناوهێنانی بارزانیش تەنها بۆ موزایەدەی سیاسییە. .