گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد ئەو کۆمپانیایە ئاشکرا دەکات کە بۆ پەرلەمانتاران دیاریکراوە ئۆتۆمبێلی لێبکڕن، بۆچی؟

2019.05.24 - 21:06
ناس کورد ئەو کۆمپانیایە ئاشکرا دەکات کە بۆ پەرلەمانتاران دیاریکراوە ئۆتۆمبێلی لێبکڕن، بۆچی؟
ناس کورد - شەهرام عەزیز جیاواز لە خولەکانی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان، لەم خولەدا پەرلەماندا ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران ناکڕێت و هیچ بڕە پارەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە تەرخان ناکرێت. کاوە عەبدولقادر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، "ئەو نوسراوەم بینیوە کە تایبەتە بە پرسی کڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن پەرلەمانتارانەوە و بەهیچ شێوەیەک پەرلەمان هیچ بڕە پارەیەک بۆ ئەو مەبەستە تەرخان ناکات و پەرلەمانتاران خۆیان خەرجی کڕینی ئۆتۆمبێلی خۆیان دەگرنە ئەستۆ". . وتیشی، هەر پەرلەمانتارێک بیەوێت ئۆتۆمبێل بە قیست بکڕێت، پەرلەمانی کوردستان تەنها پشتگیری پەرلەمانتارەکە دەکات وەک فەرمانبەرێکی حکومی و پێویستە پەرلەمانتارەکە خۆی 30٪ پێشەکیش بدات و دواتر بەشێوەی قیست لە موچەکەی دەبڕدرێت و دەگێڕدرێتەوە بۆ ئەو کۆمپانیایەی ئۆتۆمبێلەکەی لێکڕدراوە و لەبەرامبەر قیستەکەشدا زیادەی دەچێتەسەر. هاوکات سەبارەت بەو کۆمپانیایەی پەرلەمانتاران ئۆتۆمبێلی لێدەکڕن، هیوا نەسرەدین، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "چەند کۆمپانیایەک هەبوون کە داوایان پێشکەشکردبوو بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران ئۆتۆمبێلیان لێبکڕن، بەڵام کۆمپانیای "جیهان" بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە". . وتیشی، کۆمپانیای "جیهان" زۆرترین ئاسانکاری بۆ پەرلەمانتاران کردووە و لە ماوەیەکی درێژترشیدا قیستەکانیان لێوەردەگیرێتەوە و تەنانەت پێشەکییەکەشیان بەشێوەی سێ قیست لێوەدەگرێت." سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، لە سەرجەم فراکسیۆنەکان پەرلەمانتاران مامەڵەی کڕینی ئۆتۆمبێلیان کردووە و ئەوەش مافی خۆیانە و خۆیان پارەکەی دەدەن. . هیوا نەسرەدین باسی لەوەشکرد، کڕینی ئۆتۆمبێل لەسەر حسابی پەرلەمانتاران خۆیانە و خۆشیان بڕیاریان لێداوە و ڕایانگەیاندووە کە نابێت لەسەر بودجەی پەرلەمان ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران بکڕدرێت. هاوکات پەرلەمانتارێک کە نەیویست ناوی ئاشكرا بکرێت، ئەوەی بۆ ناس کورد ڕوونکردەوە، کە لە بەرامبەر پێدانی ئۆتۆمبێل بە قیست پێیان کۆمپانیای جیهان 21٪ زیادەیان لێوەردەگرێت. . وتیشی، دواتر پەرلەمانی کوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانتارەکە بڕی قیستەکە لە موچەی پەرلەمانتارەکە دەبڕێت و  تا کۆتایی هاتنی ئەم خولەش قیستەکە تەواو دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە، لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا، لەسەر بودجەی پەرلەمانی کوردستان ئۆتۆمبێل بۆ پەرلەمانتاران دەکڕدرا و هاوڵاتیان گلەیی ئەوەیان دەکرد کە پارەیەکی زۆر بۆ خوشگوزەرانی پەرلەمانتاران خەرجدەکرێت.