گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری ورد لەبارەى ئەو هێزە نوێیەی ئەمریکا ڕەوانەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستى دەکات

2019.05.24 - 20:48
زانیاری ورد لەبارەى ئەو هێزە نوێیەی ئەمریکا ڕەوانەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستى دەکات
ناس کورد- ئەمڕۆ هەینی، 24ی ئایاری 2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند، هەزار و 500 سەربازی تر ڕەوانەى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن بۆ ڕوبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانى ئێران لەو ناوچەیە. لەبارەى جۆری هێزەکەوە، ترەمپ وتی، "هێزەکە زیاتر بۆ پاراستنە" نەک بۆ هێرشبردن. . لەلایەکى ترەوە، پاتریک شاناهان، وەزیرى بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت ڕایگەیاند، کۆنگرێس ڕەزامەندبوون بە داواکەم بۆ ناردنی هێز و چەکی زیاتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێزە تازەکەش هەزار و 500 سەرباز و سیستمی موشەکی پاتریۆت لەخۆدەگرێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى هەڕەشەی موشەکی. هاوکات وەزارەتى بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەشکرد، هێزەکە ستافی بەڕێوەبردن و ئیشپێکردنی سیستمی بەرگریی موشەکی پاتریۆت و فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و ئەندازیار لەخۆدەگرێت. . ڕاشیگەیاند، هێزی زیاتر لە عێراق یان لە سوریا جێگری ناکرێت و ئەوەى دەنێردرێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى هەڕەشەکانى ئێران لە ناوچەکە. ڕاشیگەیاند، لەو هەزار و 500 سەربازە، 900 سەربازیان نوێن و مانەوەى 600 سەربازی دیکەش لە ناوچەکە درێژدەکرێتەوە. لە ئێستادا ئەمریکا زیاتر لە 60 بۆ 80 هەزار سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردووەتەوە کە 14 هەزاریان لە ئەفغانستانن و پێنج هەزار و 200 سەرباز لە عێراق و دوو هەزاریش لە سوریا، لە ماوەى پێشوودا و بە بیانوی هەڕەشەکانى ئێران بۆسەر بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا کەشتى فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵین" و کەشتى سەربازیی "ئارمینگتۆن" و سیستمی بەرگریی موشەکیی پاتریۆتی ڕەوانەى ئاوەکانى کەنداو کرد.