گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’بێ سەروپێی رەگێکی لە هاريە’

سەرکردەیەکى یەکێتى داوا لە حکومەتى هەرێم دەکات سەروپێخانە زیاد بکەن

2021.01.15 - 17:10
App store icon Play store icon Play store icon
سەرکردەیەکى یەکێتى داوا لە حکومەتى هەرێم دەکات سەروپێخانە زیاد بکەن

ناس کورد-

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى داوا لە حکومەتى هەرێمى کوردستان سەروپێخانە زیاد بکەن وەک بەرگرتن لە دروستبوونەوەى شەڕ و هەڵکوتانە سەر چێشتخانەکان بەبیانووى نەمانى خواردنەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى (15ى کانوونى دووەمى 2021) لەمیانەى بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بینیوویەتى ئاماژە بەوە دەکات "دوای روداوی سەروپێی ئەمڕۆ بەيانی شاری هەولێر داوا لە حکومەت دەکەم سەرەپێخانە زياد بکا يان چەك لەشانی سەروپێخۆرەکان داماڵێ!".

 

سەرکردایەتییەکەى یەکێتى رەخنە لە حکومەتى هەرێم دەگرێت و دەڵێت " ئەی ئەو حکومەتەی هەمووشتێکت لا  ئاساييە تەنيا خۆ گۆڕين يان گۆڕينی خۆت نەبێ،  ئايا تۆ نازانی بێ سەروپێی رەگێکی لە هاريە !؟".

 

دەقى نوسینەکەى ئارێز عەبدوڵا:

حکومەت و سەروپێ!

سەروپێ، پاچە يان گيپە  خواردنێکی کوردەواری چەور و بە تامە، دەگوترێ يەك خواردنە بە حەوت تام، بۆيە هەڕمێنێکی زۆری لەسەرە و بەيانيان بەرناکەوێ، بە تايبەت لە هەولێر!

 

خواردنێك ئەوە بهێنێ  بەيانيان زوو زوو  بۆ فرياکەوتنی لە خەو هەستی دايك و باوك، مناڵ و هاوسەرەکەت لە  پرخەی خەو بە جێبێلی و بەرەو چێشتخانە رابکەی دواتريش خۆشی لە گێڕانەوەی تام و لەزەتەکانی بۆ کەسوکار ببينی، کەچی بچيتە سەر هەواری خالی چۆن شێت و هار نابی!

 

تۆ وەرە سەروپێت لە دەست بچێ، چەکت لە شان بێ و دەستانيش بە خۆتدا شۆڕ بکەيتەوە، ئەرێ ئەوە دەبێ؟

 

نا، نابێ خۆ چەکت هەر بۆ کەشخەيی هەڵنەگرتوە!.. بۆيە  پێويستە بەکاری بێنی!

 

دوای روداوی سەروپێی ئەمڕۆ بەيانی شاری هەولێر داوا لە حکومەت دەکەم

 

سەرەپێخانە زياد بکا يان چەك لەشانی سەروپێخۆرەکان داماڵێ!

 

 ئەی ئەو حکومەتەی هەمووشتێکت لا  ئاساييە تەنيا خۆ گۆڕين يان گۆڕينی خۆت نەبێ،  ئايا تۆ نازانی بێ سەروپێی رەگێکی لە هاريە !؟

 

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ (هەینی 15ی کانوونی دووەمی 2021) لەشاری هەولێر، چەند کەسێک دەچنە چێشتخانەیەک بۆ نان خواردن، بەوتەی خاوەنی چێشتخانەکە، پێێان وتراوە خواردن نەماوە، بەڵام ئەوان قسەی نەشیاویان بەرامبەر شاگردەکانی کردووە و بووە بە دەمەقاڵی و شەڕ.  

  

خاوەنی چێشتخانەکە دەڵێت، "ئێمە زوو خواردنمان نامێنێت، من و کوڕەکەم لە شوێنێکیتر نانمان دەخوارد، بەپەلە هاتینەوە چێشتخانەکە و ناوبژیمان کرد، هەرچەند یەکێک لەو کەسانە چەکی ڕاکێشا، بەڵام دەستیمان گرت و نەمانهێشت تەقە بکات، ڕۆشتن وتیان دەچین چەک دەهێنین و ئێمەش چووین لە پۆلیس سکاڵامان تۆمارکرد."  

  

ئاماژە بەوەشدەکات، "دوای کەمێک گەڕانەوە و زیاتر لە 500 فیشەکیان بە سێ چێشتخانەی تەنیشت یەکەوە ناوە کە تایبەتن بە سەروپێ و هەڵهاتوون، بەهۆی ئەوەی کەس لە چێشتخانەکاندا نەبووە و زیانی گیانی نەبووە، ئەگەر خەڵکی تێدا بووایە زیاتر لە 10 کەس دەکوژران، بەڵام زیانێکی مادی زۆری لێکەوتووەتەوە."  

  

شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە باس لەوەدەکات، "ڕووداوی لەوشێوەیە و دەمەقاڵی زۆر دروستدەبێت، دوو ڕۆژ پێش ئێستا دوو کەس هاتن نانیان خوارد و چایان خوارد و بە عەنتەریات پارەیان نەدا و ڕۆشتن، چەندین جاری دیکەش ڕووداوی هاوشێوە ڕوویداوە."  

  

بەوتەی خاوەنی چێشتخانەکە، ئەوان کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە و داواشدەکەن هێزە ئەمنییەکان هاوکاریان بکەن و تۆمەتباران دەستگیربکەن.