ناس کورد-
دادوەرى راسپێردراوى عێراقى بۆ بەدواداچوونى کەیسى کوژرانى ئەبو موهەندیس رایگەیاند، دەرکردنى بڕیارى دەستگیرکردنى دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئەو کەیسە، دواى تەواوبوونى رێوشوێنە یاساییەکان بووەو بڕیارێکى عێراقى بووە، ئەوەش لە وەڵامێکدا بۆ ئێران کە رایگەیاندبوو بەهەوڵی ئەوان بڕیارکە دەرچووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دادوەرەکە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سەنتەرى رایگەیاندنى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە، بریارى دەستگیرکردنى ترەمپ لەسەر بنەماى ماددەى ٤٠٦ بووە لە یاساى سزادانى عێراقى دواى تۆمەتبارکردنى بە کوشتنى ئەبو مەهدى موهەندیس و هاورێکانى.
رونیشیکردووەتەوە، فەرمانەکە دواى تەوابوونى رێوشوێنەکانى لێکۆڵینەوەى تەواوەتى و کۆکردنەوەى بەڵگەکان و گوێگرتن لە وتەى شایەتحاڵەکان و سکاڵاکاران دەرکراوە. هەوڵە یاساییەکانى باڵیۆزخانەى ئیران تایبەت بووە بە مافى کەسى ئەو ئێرانییانەى لەرووداوەکەدا بوونە قوربانى.
دادوەرەکە دەڵێت، دادگا وەک کەیسێکى تاوانکارى کە لەسەر خاکى عێراق روویداوە سەیرى کەیسەکەى کردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە محەمەد جەواد زەریف وەزیرى دەرەوەى ئێران (چواشەممە، 13ى کانونى دووەمى 2021) بە ئاژانسى "میهر"ى وڵاتەکەى وت، پەڕاوى دەستگیرکردنى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئێستاى ئەمەریکا کە لەلایەن ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى عێڕاقیەوە دەرکرا، لە ڕێگەى بەدواداچونى وەزارەتى دەرەوەى ئێران و ئاژانسەکانى ترەوە بوو.
باسى لەوەشکرد، لە "کۆنگرەى نێودەوڵەتى بۆ داواکاریە یاساییە - نێودەوڵەتیەکان بۆ بەرگریکردنى پیرۆز" یەکێک لەو تەوەرانەى باس دەکرێت بریتى دەبێت لە ڕاوەدونانى یاسایى حکومەتى ئەمەریکى لەسەر کەیسى تیرۆرکردنى قاسم سولەیمانى.
لەسەرەتاى ساڵى 2020 ولایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا لە ڕێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە قاسم سولەیمانى فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسى ئێرانى و ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى کوشت و ئەوەش پەیوەندیەکانى نێوان ئێران و ئەمەریکاى زیاتر گرژ کرد.