گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان

وەزیری دارایی عێراق: زیاتر لە 1 ملیار دۆلار رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە

2019.05.24 - 15:34
App store icon Play store icon Play store icon
وەزیری دارایی عێراق: زیاتر لە 1 ملیار دۆلار رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- وەزیری دارایی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت "هەتا ئێستا لە بودجەی 2019ی عێراق، زیاتر لە 1 ملیار دۆلار رەوانەی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگە". . لەمیانەی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵی شەرقییەی عێراق، فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق پابەندبوونی خۆی بە یاسای بودجەی گشتی عێراقەوە دووپاتكردەوە و روونیكردەوە كە خەرجكردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان لەچوارچێوەی یاسای بودجەی گشتی عێراقدایە. . لەبەشێكی بەرنامە تەلەفزیۆنییەكەدا وەزیری دارایی عێراق رەتیكردەوە پێشێلی یاسای بودجەی عێراقی كردبێت بە ناردنی چەند گوژمە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان و وتی "من یاسای بودجەی 2019 ی عێراقم پێشێل نەكردووە، بەڵكو پاپەندم پێوەی، بەگوێرەی ئەوەی لە بڕگەی(10 ج)دا هاتووە :حكومەتی ناوەند پاپەندە بەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، لەسەر هەرێمی كوردستانیش پێویستە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی كوردستان ڕادەستی بەغداد بكات. ئەو بابەتەش پەیوەست نەكراوە بە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزەكانی پێشمەرگەوە". . روونیكردەوە، پرسی مووچە پرسێكە پێویستە لەسەر حكومەتی ناوەند دوور لەهەموو ناكۆكییەكی نێوان هەرێم و بەغداد، مامەڵەی لەگەڵ بكات. . وەزیری دارایی عێراق پشكی هەرێمی لە بودجەی گشتی 2019ی عێراق دیاریكرد و وتی "بەشی مووچەی هەرێم لە بودجەی 2019 عێراق نزیكەی 10 تریلیۆن دینارە بۆ كۆی ساڵەكە، مانگی كانونی دووەم 2019 نزیكەی 317 ملیار دینار كە دەكاتە 285 ملیۆن دۆلار، و هەروەها بۆ مانگی شوباتیش هەمان بڕە پارە بەهۆی ئەوەی هێشتا بودجەی عێراق پەسەند نەكرا بوو، ڕەوانەی كوردستانمان كرد، بەڵام دوای پەسەندكردنی بودجە، و بۆ مانگی نیسان 453 ملیار دینارمان بەپێی یاسای بودجە ڕەوانەی كوردستان كرد". . فوئاد حسێن جەخت دەكاتەوە "تا ئێستا زیاتر لە ملیارێك دۆلار ڕەوانەی كوردستان كراوە و زیاتر لە 7 ملیار دۆلاریشی ماوە بۆ مانگەكانی داهاتوو وەك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگە بنێردرێت". . وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوە كرد، دوای جەژن كۆبوونەوە و دانووستاندنەكانی بەغداد و هەرێم دەربارەی سیاسەتی نەوتی كوردستان و پەیوەندی نەوتی هەردوولا دەستپێدەكات و هیواشیخواستن لە شەش مانگی داهاتوودا هەردوولا بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە. . فوئاد حسێن سەبارەت بە پرسی دەستگیركردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەكەدا رەتیكردەوە ئازادكردنەكەی پەیوەندی بە دەستێوەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بێت و جەختی كردەوە "دادگای بەیروت نەجمەدین كەریمی ئازاد كردووە". . وتیشی "نە مەسعود بارزانی دەستیهەبووە لە ئازادكردنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری پێشووی كەركوك، نە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق". . ئاماژەی بەوەش كرد، نەجمەدین كەریم چەند جارێك سەردانی بەیروتی كردووە و دەستگیریش نەكراوە و بڕوابوونی خۆشی نیشاندا بەوەی كە ئەگەر بڕیاری دەستگیركردنی هەبووایە لەو سەردانانەی پێشوویدا دەستگیر دەكرا و گومانی خۆی نەشاردەوە بەوەی كە لەگەشتی ئەمجارەیدا بۆ ئەو وڵاتە هەواڵی لێدراوە و وتیشی "ئەو سێ ڕۆژ بوو گەیشتبووە بەیروت و نیشتەجێ ببوو، و ڕۆژی گەیشتنی دەستگیرنەكرا و كاتێك ویستی بەیروت جێبهێڵێت دەستگیریان كردووە". . ئاشكراشی كرد، نەجمەدین كەریم چەند جارێك ئەوەی ڕاگەیاندووە كە بەنیازە بێتە بەغداد و بچێتە بەردەم دادگاكانی بەغداد و دادگایی بكرێت و بێتاوانی خۆی بسەلمێنێت. . وتیشی "ئێستاش ئامادەیی تێدایە بێتە بەغداد، بەڵام ئامادە نییە بچێتە كەركوك، و لە داهاتوشدا ئەوە دەبینن ".