ناس کورد-
مامۆستایانی ناڕازی لەسەر دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن هاتنە دەنگ و ڕایانگەیاند "هەر لەسەرەتاوە پەکخستنی خوێندن پلانێکی داڕێژارو بووە کە مەبەست لێی بێبەهاکردنی پرۆسەکە بووە لەهەڕێمی کوردستان ئەوەش بە ئامانجی دروستکردنی نەوەیەکی نەخوێنەوار و بێ کەسایەتی".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عادل حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی (چوارشەممە، 13ى کانوونى دووەمى 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند "ماوەی شەش ساڵە دەسەڵاتدارانی هەرێم شکۆی مامۆستا دەشکێنن، بەجۆرێک وایان لێکردووە، تەنها بۆ موچەکەی بێتە سەر شەقامەکان".
وتیشی"دەستپێکردنەوەی خوێندن هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت، ئەم دەسەڵاتە بەبەرنامە و پلان کاریکردووە بۆ بێ بەهاکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە، ئەوەش بەئامانجی دروستکردنی نەوەیەکی نەخوێندەوار، کە هیچ کەسایەتییەکی نەبێت، تەنها وەک کۆیلە وابێت".
لەبارەی هەڵوێستی مامۆستایانی ناڕازی سەبارەت بەبڕیارەکەی حکومەت بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان کە بڕیارە لە قۆناغی یەکەمدا پۆلی 12 ئامادەیی لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە خوێندن بکەنەوە، عادل حەسەن وتی " پڕۆسەی خوێندن لە ناوەڕۆکە پیرۆزەکەی بەتاڵ کراوەتەوە، دەستپێکردنەوەی تەنها بۆ ڕیکلامە، مامۆستایان چۆن دەتوانن بە گیرفانی بەتاڵەوە دەوام بکەن، مامۆستا کار و ئەرکی زۆر لەفەرمانبەر جیاوازترە ".
دەشڵێت "حکومەت لە ماوەی ڕابردوودا بەپاساوی پڕوپوچ پڕۆسەی خوێندنی ڕاگرتووە، پەکخستنی خوێندن تەنها بۆ پێنەدانی موچە بووە، ئێمە هانی بایکۆت نادەین ئەوەی مامۆستایان دەهێنێتە سەر شەقامەکان گیرفان بەتاڵییانە، بایکۆتکردن شتێکی خۆڕسکانەیە، ئێمە تەنها ڕێکی دەخەین".
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13ی کانونی دووەمی 2021) لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوای خوێندنەوەی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی و پلانەکانی وەزارەتی پەروەردە بڕیاردرا سەرەتای هەفتەی داهاتوو 16ی کانونی دووەمی 2021 خوێندنی پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەسپێبکاتەوە و بۆ قۆناغەکانی دیکەش بڕیاردرا لە 1ی 3ی 2021 دەرگای قوتابخانەکان بکرێتەوە و بۆ ئەوەش وەکو وەزارەتی پەروەردە پلانێکی گونجاو دیاریکراوە".