ناس کورد-
وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى شێوازى دەستپێکردنەوەى خوێندنى ئەمساڵ بڵاوکردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە راگەیەندراوێکى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان (13ى کانوونى دووەمى 2021) کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژە بەوە کراوە "رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١ ، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانیەوە ، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە".
ئاماژە بەوەش کراوە، لەڕووی پرەنسیپەوە ، کۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی وپەیمانگاکان ، حکومی و ناحکومی ، کە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١ دەستپێبکات ، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات.
راگەیەندراوێک لە راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە :
پاش کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە ، ١٣ ی ١ی ٢٠٢١ ی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، بەسەرپەرشتی بەرێز وەزیری ناوخۆ و ئامادەبوونی بەرێزان : لە وەزیرانی تایبەتمەند و پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان ، بریاردرا :
١- رۆژی شەممە ، ١٦ ی ١ ی ٢٠٢١ ، خوێندن لە قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانیەوە ، لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومیەکان دەستپێدەکاتەوە.
٢- پرۆگرامی خوێندن بە ریزبەندی دەخوێندرێت . رۆژ و کاتی تاقیکردنەوەکانی وەرزی و تاقیکردنەوە گشتییەکان بەگوێرەی ئەو خشتانەی کە بە نوسراوی فەرمی بلاودەکرێنەوە کاریان پێدەکرێت.
٣- لەسەر ڕاسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بەمەبەستی خۆپارێزیی مامۆستایانی بەرێز تەنها ئەوکاتانە لە قوتابخانە دەبن کە وانەیان هەیە ، پاش وتنەوەی وانەکانیان پابەند ناکرێن بە مانەوە لە ناو قوتابخانە .
٤- لە رۆژی شەممە ١٦ ی ١ تا ماوەی یەک هەفتە ، ئەو بژارەیە دەخرێتە بەردەم بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران ، لە رێگای فۆرمێکەوە کە وەزارەتی پەروەردە ئامادەی کردووە و لە قوتابخانەکان پڕ دەکرێتەوە ، کە بەخێوکار سەرپشک دەکات قوتابیەکەی لە ناو پۆل بخوێنێت یان دەتوانێت خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین و پاڵپشتی ماڵەوەی بۆ دابین بکات و نەچێتەوە بۆ قوتابخانە، بەڵام تەواوی تاقیکردنەوە نوسینەکیەکانی لە ناو پۆل دەبێت ئەنجام بدات.
٥- رێنماییە خۆپارێزییەکان لە ناوەندەکانی خوێندن جێبەجێدەکرێت و پێگیریی بە رێنماییەکان زامنکاری بەردەوام بوونی خوێندنە ، بۆ ئەومەبەستە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان بۆ بابەتی پرۆسەی خوێندن ، کە بەسەرپەرشتی بەرێز پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرێوەبەرانی گشتی پەروەردە و تەندروستی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان پێکهاتووە ، هەماهەنگی دەکەن بۆ باش بەرێوەچوونی پرۆسەکە.
٦- لەڕووی پرەنسیپەوە ، کۆبوونەوە پلانی وەزارەتی پەروەردەی پەسەند کرد بۆ دەستپێکی خوێندنی قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی وپەیمانگاکان ، حکومی و ناحکومی ، کە لە ١ ی ٣ ی ٢٠٢١ دەستپێبکات ، لە ٢ ی ٢ ی ٢٠٢١ لیژنەی باڵا کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی و هەر بریارێکی نوێ کە پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری لەو بەروارە ( بۆ قۆناغەکانی ١ ی بنەڕەتی تا ١١ ی ئامادەیی ) بە گوێرەی بڵاوبوونەوە و کەمبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پاشان وەزارەت پلانی پەسەندکراو بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێدەکات.
پارێزراو تەندروست ساغبن.
راگەیاندنی وەزارەتی پەروەردە
١٣ ی ١ ی ٢٠٢١