ناس کورد-
لە دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی عێراقدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 باس لە پێشنیازی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆی لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە کراوە، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمی کۆبوونەوەکە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بۆ وەرگرتنی هەموو هەواڵ و بەپەلەکان، بچۆ کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام
پەرلەمانى عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەداوە(12ى کانونى دووەمى 2021)، پەرلەمان بە سەرۆکایەتى حەسەن کەعبى، جێگرى دووەمى سەرکى پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژە یاساى بودجەی ساڵی 2021 کۆبووەتەوە و چەند تەوەریک گفتوگۆیان لەسەر کراوە.
بەپێى ڕاگەیەنراوەکە، چەند تەوەرێکى کۆبوونەوەکە تایبەت بوون بە هەرێمى کوردستان و هاتوە، گفتوگۆ لەسەر داواکاریەکانى تایبەت بە پشکى هەرێم لەسەر ئەنجامى کۆتا سەرژمێرى دانیشتوان لەلایەن وەزارەتى پلاندانانى فیدراڵیەوە کراوە، هەروەها دابینکردنى پارە بۆ کەمپی ئاوارەکان لە پارێزگاى دهۆک و پارەى پترۆدۆلار لە تەوەرەکانى ترى کۆبونەوەکە بوون.
بەپێى هەمان بڵاوکراوە، یەکێکى تر لە تەوەرەکان گفتوگۆکردن بووە لەسەر داواکاریەکان بۆ دورخستنەوەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لە کێشمەکێشە سیاسیەکان، هەروەها پێشنیازى ڕادەستکردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتى فیدراڵەوە.
جەخت لەوەشکراوەتەوە کە چەندین بابەتى تریش گفتوگۆیان لەسەر کراوە وەک پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بە پارێزگاى نەینەوا و دابینکردنى بودجە بۆ پاراستنى ڕوبارى فورات و چاککردنەوەى ڕێگەکانى ئەنبار و لەبەرچاوگرتنى شایستەکانى شارى هەڵەبجە لە چوارچێوەى بودجەدا.