گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

بانکەکان نرخى دۆلار لە بازاڕ ’دەشکێنن’

2021.01.12 - 15:21
App store icon Play store icon Play store icon
بانکەکان نرخى دۆلار لە بازاڕ ’دەشکێنن’

ناس کورد-

نرخى دۆلار بەرانبەر دینارى عێراقى لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان ماوەى چەند رۆژێکە لەنرخێکى نزمدا یاریی دەکات، هۆکارەکەشى بۆ بانکە ئەهلییەکان دەگەڕێنرێتەوە کە بەنرخى بازاڕ دەیفرۆشن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بەپێی بەدواداچونەکانى ناس کورد بۆ نرخى دراوەکان، لەم هەفتەیەدا نرخى 100 دۆلار بەگشتى لەنێوان 141 بۆ سەروى 143 هەزار دینارى مامەڵەى پێوەکراوە، لەکاتێکدا لەدوو هەفتەى رابردوودا نرخەکە بەشێوەیەکى بەرچاو بەرزبووەوە و لە 145 هەزار دینار نزیکبووەوە.

 

جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوەکەی شاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (سێ شەممە 12ی کانونی دووەمی 2021) وتی "دابەزینی نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی و بەرز نەبوونەوەی نرخەکەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی ئەوەیە کە بانکە ئەهلییەکان ژمارەیەکی زۆر دۆلاریان هەیە و بەنرخی بازاڕ دۆلارەکە دەگۆڕنەوە".

 

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا نرخی 100 دۆلار لە بانکی ناوەندی بەرانبەرە بە 146 هەزار دینار بەڵام بەهۆی ئەوەی بانکە ئەهلییەکان دۆلار بەنرخی بازاڕ دەفرۆشن بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان ئەوە بووەتە هۆکاری بەرز نەبوونەوەی نرخی دۆلار بەو نرخەی کە لە بانکی ناوەندی دەفرۆشرێت.

 

سەبارەت بەوادەی جێگیربوونی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار بەوجۆرەی لە بانکی ناوەندی جێگیرکراوە، وتەبێژی بازاڕی دراوەکەی شاری سلێمانی وتی "چاوەڕواندەکرێت لەدوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق نرخەکەی بەوجۆرە جێگیربکرێت کە بانکی ناوەندی دیاریکراوە".

 

بانکى ناوەندى عێراق لە ( 19ی کانوونی یەکەمی 2020) نرخى فرۆشتنى 100 دۆلار بە هاوڵاتیان  بە 147 هەزار دینار دیاریکرد، بەڵام هێشتا لە بازاڕەکان نەگەیشتووەتە ئەو نرخە و لەخوار ئەو نرخەوە مامەڵەى پێوەدەکرێت.  

 

لە بودجەی 2021ی عێراق نرخی 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر 145 هەزار دینار دیاریکراوە و ئەمڕۆ پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا.