گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

بڕیارێک لەبارەى دەستپێکردنەوەى خوێندن درا

2021.01.12 - 14:30
App store icon Play store icon Play store icon
بڕیارێک لەبارەى دەستپێکردنەوەى خوێندن درا

ناس کورد-

بەرێوەبەرى پەروەردەى رۆژهەڵاتى سلێمانى رایگەیاند، 16 ئەم مانگە خوێندنى قۆناغى 12ى ئامادەیی لەسەرتاسەرى هەرێم دەستپێدەکاتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

تریفە عەبدوڵڵا لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد"، (12ی کانونی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کۆبوونەوەی سەرجەم بەڕێوەبەری پەروەردەکان کراوە تایبەت بە ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، ڕۆژی 16ی ئەم مانگە  کە دەکاتە ڕۆژی شەممەی داهاتوو خویندنی پۆلی 12ی ئامادەیی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەسپێدەکاتەوە.

 

سەبارەت بە قۆناغەکانی دیکەی خوێندن، تریفە عەبدوڵڵا وتی "بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنی قۆناغەکانی دیکە چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دەکرێت کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە کۆببنەوە".

 

بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات لە سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە، وەکو پەروەردەی ڕۆژهەڵات ئامادەکاریان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن کردووەو بەیانیش لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانە ئامادەییەکان کۆدەبینەوە بەمەبەستی ئامادەکاری زیاتر بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی.

 

ئەو بڕیارە دواى رۆژێک دێت لە پەسەندکردنى پلانى دەستپێکردنەوەى خوێندن لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە کە سبەینێ لە کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى روبەڕووبونەوەى کۆرۆنا بڕیارى لەسەر دەدرێت.

 

سەیوان عەلی بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکی تایبەت بۆ "ناس کورد"، (12ی کانونی دووەمی 2021)  ڕایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوەکرایەوە کە پشووەکان لە کاتی پێویست لادەبرێن جگە لەڕۆژی نەورۆزو جەژنی ڕەمەزان".  

  

وتیشى "باس لەوەشکراوە ئەگەر پێویست بکات وانەکانی (وەرزش، هونەرن موزیک) سودی لێ ببینرێت بۆ وانە سەرەکییەکان، بەڵام بۆ دەوامی سێ ڕۆژ بەسێ ڕۆژ لە قوتابخانەکان بە هیچ جۆرێک باس نەکراوە".  

  

سەیوان عەلى جەختیکردەوە، وەزارەتی پەروەردە سەرجەم ئامادەکارییەکانى کردووە بۆ دەسپێکردنەوەی خوێندن و بۆ دیاریکردنی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکانیش چاوەڕوانی کۆبوونەوەی لیژنەی بالای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەکەن کە ڕۆژی چوار شەممە بڕیارە کۆبێتەوە.  

  

باسی لەوەشکرد، تاوتوێی ئەوەیانکردووە هەماهەنگی لە نێوان بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەو تەندروستی هەبێت و هەفتانە وەکو تەندروستی سەردانی قوتابخانەکان بکرێت، جگە لەوەش سەرجەم پێداویستییەکانی پاککردنەوەو خۆپارێزی لە قوتابخانەکان هەبێت.  

  

بریکاری وەزارەتی پەروەردە دڵنیاییدا لەبارەی خوێندنی ئەمساڵ و وتی "سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە سوربوون لەسەر ئەوەی هەرچی کراوە خوێندنی ئەمساڵ نابێت بفەوتێت و هیچ ئەگەرێکیش باس نەکراوە لەسەر فەوتانی ئەمساڵی خوێندن".  

  

سەبارەت بەوەی ئایا پلانەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەیە لەسەرەتای مانگی شوبات دەوام دەستپێدەکاتەوە یاخود بۆ ئەم مانگە دیاریکراوە، سەیوان عەلى وتی "وادەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان تەنها لیژنەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا دەتوانێت بڕیاربدات و ئەوانیش بەڕەچاوکردنی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناو ژمارەی توشبووانی خوێندکاران و مامۆستایان هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن و دواتر بڕیاردەدەن".  

  

حکومەتى هەرێمى کوردستان هەفتەى رابردوو بڕیاریدا راگرتنى دەستپێکردنەوەى خوێندن درێژبکاتەوە تا رۆژی (2021/1/16).    

  

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم هەفتەى رابردوو لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکرد، وەزارەتى پەروەردە دوو پڕۆژەى ئامادەکردووە لەبارەى خوێندنى ئەمساڵەوە و لەکۆبوونەوەى 16 یان 17ى ئەم مانگە لیژنەى باڵاى رووبەڕووبونەوەى کۆرۆنا گفتوگۆى لەسەر دەکات و دواتر دەدرێتە ئەنجومەنى وەزیران و بڕیارى لەبارەوە دەدرێت.      

  

وتیشى "ناتوانین بڵیین ئەمساڵ خوێندن دەفەوتێت یان نا، بەڵکو لەسەر بڕیارى هەڵسەنگاندن و راسپاردەى وەزارەتى تەندروستى بڕیار دەدرێت".