ناس کورد-
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، "بەهۆی چاکسازی لە گرێبەستەکانی خاوێنکردنەوە" ساڵانە حەوت ملیار دینار بۆ حکومەت دەگەڕێنێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی "ناس کورد" کەوتووە (11ی کانونی دووەمی 2021) دەڵێت، "لە چوارچێوەی چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرفتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە شاری هەولێر و دەوروبەری چارەسەر دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی پرۆسەی تەندەرینگ و بانگەواز بۆ (10) پرۆژەی كۆكردنەوەی خاشاك و گواستنەوە و خاوێنكردنەوە لە پارێزگای هەولێر ئەنجام درا و لە ئەنجامدا گرێبەست لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆ كرا، بەپێی گرێبەستە نوێكان، ساڵانە بڕی نزیكەی حەوت ملیار دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت دەگەڕێتەوە و كوالێتی پرۆسەی خاوێنكردنەوەش بەرز كراوەتەوە و چەند زۆنێكیش زیاد كراون، ئەمەش دەستکەوتێکی تری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە."
دەشڵێت، "پرۆسەكەی تەندەرینگ لە هەولێر هیچ قۆرخكارییەكی تێدا نەكراوە و بەپێى یاسا و ڕێنماییەکانى گرێبەستە گشتییەکانى ساڵى (2016) بە بەشداری 21 كۆمپانیای خۆماڵی ئەنجام دراوە، بەهۆی ئەوەی گرێبەستە كۆنەكانی خاوێنكردنەوە لە شاری هەولێر و دەوروبەری ماوەكەیان لە 31/12/2020 تەواو دەبوو، بۆیە لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و چارەسەرکرنی گرفتی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، گرێبەستەکان گۆڕدران، لەمەودوا بە پارەیەکی کەمتر و کوالێتی بەرزتر خۆڵ و خاشاکی هەولێر کۆدەکرێتەوە."
باسی لەوەشکردووە، "شەش پرۆژە لە گرێبەستە نوێکانی خاوێنكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرن و هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی ناو شار دەگرێتەوە. چوار گرێبەستەكەی دیكەشیان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێرن و بەسەر زۆنەكانی: بنەسڵاوە، کەسنەزان، دارەتوو، عەنكاوە، بەحرکە، شاوێس، پیرزین، سێبەردان، کانی قڕژاڵە، شەقڵاوە، هەریر، باسرمە، بالیسان ،کۆڕێ، هیران، دابەشكراون."
وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە "لە گرێبەستە نوێكاندا، جگە لە گەڕانەوەی نزیکەی حەوت ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بۆ خەزێنەی حکوومەت، لە رووی هونەریشەوە، چەندان زۆنی خاوێنكردنەوە زیادكراون و سیستەمى (GPS)یش بۆ چاودێرىکردنى ڕێڕەوى کارکردنى ئامێرەکان دادەنرێت و كوالێتی پرۆسەكەش بە گشتی گۆڕانكاری بەسەردا دێت. وەك بەرزكردنەوەی مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكانی خزمەتگوزاریی بۆ مۆدێلی 2018 و كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی فڕێدانى پاشماوەى بیناسازى و چاودێریکردنى ئەم جۆرە خاشاکە. لەگەڵ دانان و دامەزراندنى وێستگەى ناوەندى بۆ کۆکردنەوەى خاشاک و گواستنەوەیان بۆ زبڵخانە."
هەروەها "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێریش ژمارەی پرۆژەكان لە 6 گرێبەستەوە بۆ ٨ هەشت پڕۆژە و 132 ئامێری خزمەتگوزاریش زیادكراون، واتە لە گرێبەستە نوێکاندان بەمەبەستی پەرەپێدانی زیاتر بە سێکتەری خاوێنکردنەوە، ژمارەى ئامێرەكان بۆ 614 ئامێر بەرز كراونەتەوە، وێڕای ئەمانە خاوێنکردنەوەى شەقامەکانى ١٢٠مەتری و ١٥٠مەتری، پرۆژهكانی نیشتەجێبوونی وهبهرهێنان زیادکراون كه دهیان ههزار یهكهی نیشتهجێبوون و بازرگانی دهگرێته خۆی و بهشێكی فراوانی شاری ههولێر پێك دههێنن."
ڕاشیگەیاند، "پرۆسەی کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک پرۆسەیەکی ڕۆژانە و قورسە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێگەی پێداچوونەوە بە گرێبەستە کۆنەکان، چاکسازی لەو پرۆسەدا دەکات بە گەڕاندنەوەی پارە بۆ خەزێنەی حکوومەت و لە بەرانبەریشدا زۆنەکانی خاوێنکردنەوە زیاد دەکات و کوالێتی بەڕێوەچوونی کاری کۆکردنەوەی خاشاک بەرز دەکاتەوە."