ناس کورد-
بەمەبەستى ئاگاداربوون لەئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەى هەڵبژاردنى پێشوەختە کە بڕیارە لە لەمانگى حوزەیرانى ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان کۆبوویەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەنراوێکى نوسینگەى ڕاگەیاندنى مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" گەیشتووە (10ى کانوونى دووەمى 2021) ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، ئەمڕۆ سەرۆک وەزیران پێشوازى لە سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کردووە و لەو دیدارەدا تاوتوێى ئامادەسازییەکان کراوە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە لەو کاتەى کە بۆى دیاریکراوە و دەکەوێتە مانگى حوزەیرانى داهاتووەوە.
سەرۆک وەزیران لەکۆبونەوەکەدا وتوویەتى، حکومەت ئەوەى لەتوانایدا بووە بۆ پاڵپشتى کۆمسیۆن کردوویەتى ئەوەش لەپێناو پابەند بوون بەکات و خشتەى زەمەنى کە بۆ سەرکەوتنى پڕۆسەکە پێویستە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە کۆمسیۆن تەواوى ئامادەکارییەکانیان بۆ سەرۆک وەزیران باس کردووە هەر لەئامادەکارى بۆ تۆمارى لایەنە سیاسیەکان و کاندیدەکان و پڕۆسەى تۆمارى بایۆمەترى دەنگدەران و نوێکردنەوەى لیستەکان.
نوسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆک وەزیران باسى لەوەش کردووە، لەکۆبونەوەکەدا چەند رێوشوێنێک خراونەتە ڕوو بۆ لابردنى بەربەستەکانى بەردەم کارەکانى کۆمسیۆن لەوانە چارەسەرکردنى کێشەکانى پێکهێنانى دادگاى فیدراڵى بەپێى دەستور.
راگەیەندراوەکە رونیدەکاتەوە، لەکۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنى کۆمسیاران سوپاسى پاڵشتیەکانى حکومەتیان بۆ کارەکانى کۆمسیۆن و ئامادەسازییەکان بۆ بەڕێکردنى پڕۆسەکە و سەرکەوتنیدا کردووە.