گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو سیناریۆ بۆ بودجەی هەرێم

دارایی پەرلەمان: پێدەچێت هەرێم بتوانێت مانگانە موچە بدات

2021.01.10 - 12:21
App store icon Play store icon Play store icon
دارایی پەرلەمان: پێدەچێت هەرێم بتوانێت مانگانە موچە بدات

 ناس کورد-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم دوو پلانی هەیە بۆ داڕشتنی بودجەی 2021 و دەشڵێت، لە ئەگەری ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنیش لەگەڵ بەغدا دۆخی دارایی هەرێم بەرەو باشبوون دەچێت و پێدەچێت بتوانێت مانگانە موچە دابین بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەدوای کۆبوونەوەی پێنچشەممەی ڕابردوو 7ی کانوونی دووەمی 2021، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندن، کارەکانی بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەبودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و ئەمساڵ هەرێم پڕۆژەبودجەی دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

لەوبارەیەوە محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (یەکشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقە، تاوەکو ئەویش پرۆژەبودجەی خۆی دابڕێژێت."

 

وتیشی، "دوو سیناریۆ بۆ پڕۆژەبودجەی 2021ی هەرێم هەیە، یەکێکیان پشت بەو بەشە بودجەیە دەبەستێت کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا بە %12.67 دیاریکراوە، ئەگەر پڕۆژەیاساکە تێپەڕێندرا ئەوا هەرێم بە پشت بەستن بەو بەشە بودجەیە و داهاتەکانی خۆی پڕۆژەبودجەی 2021 دادەڕێژێت."

 

ڕوونیشیکردەوە، "لە ئەگەری تێنەپەڕاندنی پشکی هەرێمیش لە پڕۆژەیاساکەدا، ئەوا حکومەتی هەرێم بە پشتبەستن بە داهاتی فرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆ و دەروازەکان پڕۆژەبودجەی خۆی دادەڕێژێت و دواتر ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت بۆ پەسەند کردن."

 

بە وتەی بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، لەهەردوو ئەگەرەکەدا هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوو دۆخی باشتر دەبێت و ئومێدیان هەیە کە پڕۆژەبودجەیەک دەبێت لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێم.

 

ڕوونیشکردەوە، "ئەگەر بەغدا بەشە بودجەی هەرێمیش ڕەوانە نەکات، نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و داهاتی ناوخۆش زیادیکردووە، هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار هەرێمیش داهاتێکی زیاتری لە فرۆشی نەوت دەستدەکەوێت، بۆیە لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنیش لەگەڵ بەغدا بەو داهاتانە دەکرێت مانگانە موچە دابین بکرێت."

 

دوێنێ شەممە 9ی کانوونی دووەمی 2021، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 کرد و بڕیارە سبەینێ دووشەممەش خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە کە پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاساکە بەوشێوەی دانراوە تێدەپەڕێنرێت یاخود نا.