ناس کورد-
شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات لە ڕۆژنای سێشەممە و چوارشەممەی داهاتووەوە بارستە ھەوایەکی گەرم پلەکانی گەرمی لە لەناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرزبکاتەوە و دەشڵێت، لەدوای ئەوە شەپۆلێکی باران و بەفربارین ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاراس جەبار، پسپۆڕی بواری کەشناسی (شەممە 9ی کانوونی دووەمی 2021) لە هەژماری "دەزگای کەشناسیی کوردستان" بڵاوکردەوە، " ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی داهاتوو لە رۆژئاوای بیابانەکانی ئەفریقاوە لە ئەنجامی پاڵپێوەنەری کاریگەری زریانی ئەتڵەسیەوە بارستە ھەوایەکی گەرم دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستان کە خۆی لەبای توند و خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا دەبینێتەوە."
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی ئەو کاریگەرییەوە پلەکانی گەرما بەرێژەی دوو بۆ چوار پلەی سلیزی دەبنەوە لەکاتێکدا پلەکانی گەرما لە رۆژانی رابردوو و ئێستاشدا بەرێژەیەکی بەرچاو لەسەروو تێکرای ئاسایی وەرزەوە تۆمار دەکرێن .
ڕوونیشیکردووەتەوە، "ئەم بارستە ھەوایە لەناوچەکانی ھەرێمدا نابێتە ھۆی زیادبوونی خێرایی با و خۆڵبارین تەنھا کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەکات بۆ ماوەی 48 کاتژمێر و لە رۆژی پێنجشەممە 14ی کانوونی دووەم کاریگەری نامێنێت و پلەکانی گەرما نزمدەبنەوە ."
هەر ئەمڕۆ شەممە ئاراز جەبار ڕایگەیاند، لە ڕۆژی پێنجشەممە (14ی کانونی دووەمی 2021) ناوچەکانمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵە پەستۆیەکی دەریای (سپی ناوەراست-ڕەش)، بارێکی ناسەقامگیر ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکات کە خۆی لە بارانبارینی پچڕ پچڕ و بەفربارین لەناوچە شاخاویەکاندا دەبینێتەوە."
پێشبینی ئەوەشی کردووە کە "خێرایی با لە ئەنجامی هاتنی بارستە ھەوایەکی جەمسەری ساردەوە 20 تاوەکو 40 کیلۆمەتر زیاتر لە کاتژمێرێکدا چالاک دەبێت بەتایبەت لە رۆژی ھەینیدا، ئەوەش دەبێتە ھۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرێژەی 4 توەکو 8 پلە، بەمەش تێکڕای پلەکانی گەرما دەگەرێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی و خوار ئاستی ئاسایی لە ناوچە شاخاوییەکاندا."
ئەوەشی وتووە، "کاریگەری ئەم شەپۆلە تا ڕۆژی دووشەممە (18ی کانونی دووەمی 2021) لەسەر ناوچەکانمان ئەمێنێتەوە و ھێز و ئاستی دابارینی بەفر و باران زیاتر دەکەوێتە سەر ناوچە شاخاوییەکانی سنوری پارێزگای "دھۆک، ھەولێر و ئیدارەی ڕاپەرین"، لە سەنتەری شارەکان کاریگەری مامناوەند ئەبێت".