ناس کورد - هەڤاڵ غالب
دوای ئەوەی تەرمی گەنجێکی کوردی دانیشتووی وڵاتی سوید لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە، دەرکەوت چوار ڕۆژ بەر لەئێستا لەماڵەکەیدا گیانی لەدەستداوە، برایەکیشی دەڵێت، نەخۆشی گورچیلەی هەبووە و کۆتاجار چوار ڕۆژ لەمەوبەر قسەیان لەگەڵ کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی گەنجێک کە لەماڵەکەی خۆیدا لە وڵاتی سوید چەند ڕۆژێکە گیانی لەدەستداوە و پۆلیس بەدوای خێزانەکەیدا گەڕاوە، دەرکەوت گەنجەکە خەڵکی قەزای چەمچەماڵە و ناوی "فەرهاد وەهاب"ە و لەئێستادا خێزانەکەی سەرقاڵی هێنانەوەی تەرمەکەیین .
دڵشاد وەهاب، برای فەرهاد (شەممە 9ی کانوونی دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ی وت، " براکەم تەمەنی 43 ساڵ بوو، ماوەی 21 ساڵە لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە و ناسنامەی ئەو وڵاتەی هەیە،."
وتیشی، " فەرهاد ساڵانێکە نەخۆشی گورچیلەی هەیە و پێشتر گورچیلەیەکی دەرکراوە و گورچیلەکەی دیکەشی سست بوو، زۆر داوامان لێدەکرد بگەڕێتەوە کوردستان، بەڵام خۆی نەیدەویست بێتەوە و لەکارگەیەکی قوتو کاری دەکرد".
فەرهاد پێشتر هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی کوێتی کردووە، بەڵام دوای جیابوونەتەوە بەتەنها لە شوقەیەکدا ژیانی بەسەربردووە.
بەوتەی براکەی، فەرهاد تا ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەکار بووە، بەڵام دواتر وەڵامی پەیوەندی نەداوەتەوە و دوای ئەوەی هاوڕێکانی پۆلیس ئاگادار دەکەنەوە، پۆلیسی ئەنتەربووڵ دەچێتە شوقەکەی و دەبینن گیانی لەدەستداوە.
دڵشادی برای دەشڵێت، هەتا چوار ڕۆژپێش ئێستا هەموو ڕۆژێک قسەیان لەگەڵ کردووە، هۆکاری مردنەکەشی تەنها نەخۆشی بووە و هیچ هۆکارێکی دیکەی نیە و دەرکەوتووە چوار ڕۆژ بەر لەئێستا گیانی لەدەستداوە.
لە ئێستادا کەسوکارەکەی لە ڕێگای باڵوێزخانەی عێراقەوە لە سوید سەرقاڵی هێنانەوەی تەرمی فەرهادن و تەنها کێشەیەک لە ناسنامەکەیداهەیە و سەرقاڵی چارەسەرکردنن .