کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبى سیاسی پارتى ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر لەسەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان و ریفراندۆم نەجمەدین کەریم دەستگیر بکرێت، "ئەوا ئێمە و هەموو کوردێکى بەشەرەف تاوانبارین و با بێن دادگاییمان بکەن". . لەبارەى هەواڵى دەستگیرکردنى نەجمەدین کەریم، لە لێدوانێکیدا فازڵ میرانى سکرتێرى مەکتەبى سیاسی پارتى بە دەنگى ئەمریکاى ڕاگەیاندووە: "هەرچیمان لەدەست بێت ئەنجامى دەدەین بۆ نەجمەدین کەریم، ئەوەش وەک ئەوەى تێکۆشەرێکی کوردە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێییە، ههروهها پارێزگاری کەرکوک بووە، خۆ ئەگەر ڕیفراندۆم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان تاوان بێت، ئەوا ئێمە و هەموو کوردە بەشەرەفەکان تاوانبارین با بێن دادگایمان بکەن". . فازڵ میرانى ئاماژەى بەوەشکردووە: "ئەگەر د.نەجمەدین گیرابێت هەرچەندە خۆی دوێنێ لێدوانی داوە کە دەستگیر نەکراوە، ئێمە هیچ هۆکارێک نابینین کە د.نەجمەدین کەریمى لەسەر بگیرێت، بەڵام ئەوەی کە هەندێک لەسایتەکان دەڵێن، گوایە لەسەر گەندەڵیە، ئەگەر لەسەر ئەوە بێت ئەوا بە بۆچونی من دەبێت هەموو حکومەتی عیراقی لەسەر گەندەڵی بگیرێن، دوای ئهوه بۆچی تا ئێستا یەخەی کوردییان گرتووە بهتهنها، نەمانبیستووە کە عەرەبێک لەسەر گەندەڵی بگیرێت." . سکرتێرى مەکتەبی سیاسی پارتى ئەوەشى ئاشکرا کردووە کە، مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى لە پاش بڵاوبوونەوەى هەواڵى دەستگیرکردنەکەى لەسەر خەتن بۆ ئەو بابەتە. . سەبارەت بە بێ دەنگی یەكێتی لەسەر دەستگیركردنی نەجمەدین کەریم، میرانى ڕەخنە لەو حیزبە دەگرێت و دەڵێت: "تا ئێستا هیچ بۆچونێکی فەرمی و نافەرمیم لەسەر د.نەجمەدین لە یەکێتی نەبیستووە، ڕەنگە لەناو یەکێتی هەبێت وەک ئێمە پێیان ناخۆش بێت، بەڵام بەشێکیشیان هەیە پێیان خۆش بێت، ئەوانەی نا مەبدەئین و سیستیان هەیە بەرامبەر دوژمن و ناحەزانی کورد نەک هەر بۆ د.نەجمەدین بەڵکو پێیان خۆشە بەیانی هەموومان بگیرێین". . شەوى سێشەممە 21/5/2019، هەواڵى دەستگیرکردنى د.نەجمەدین کەریم پارێزگارى لەسەرکار لابراوى کەرکوک لە فڕۆکەخانەى بەیروت بڵاوبووەوە، بەڵام نوسینگەى ڕۆژنامەوانییەکەى ڕەتیان کردەوە دەستگیر کرابێت. . .