ناس کورد-
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2021، دەستیپێکرد و تیایدا پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجە دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 9ی کانوونی دووەمی 2021، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان بەمەبەستی ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2021، دەستیپێکرد و لە دانیشتنی یەکەمدا سەرجەم خاڵەکانی پڕۆژەیاساکە دەخوێندرێنەوە.
پێشتر، بەهار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان (شەممە 9ی کانوونی دووەمی 2021) بە " ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ تەنها خۆێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 دەکرێت،دەنگی ناڕەزایەتیش لە ناو لایەنە سونییەکان و شیعییەکان لەسەر ناوەڕۆکی بودجەکە دروست بووە".
لەبارەی ئەگەری دووبارە گەڕاندنەوەی پرۆژە یاساکە بۆ ئەنجومەنی وەزیران لە لایەن پەرلەمانەوە، بەهارمەحمود وتی، " لە ئێستادا هیچ لایەنێک لە ناو پەرلەمانی عێراق داوای ئەوەی نەکردووە پڕۆژە یاساکە دووبارە ڕەوانەی حکومەت بکرێتەوە بە مەبەستی هەموارکردنەوەی، بەڵام ئەو ڕێکارەش ئەگەر کرا ڕێکارێکی یاسایی و لە ناو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا ئاماژەی پێ کراوە کە دەبێت بە زۆرینەی دەنگ بکرێت".
پەرلەمانتارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، " پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 زۆر بە باشی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان داڕێژراوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی داخە تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی نەهاویشتووە کە ببێتە مایەی نیاز پاکی بۆ حکومەتی فیدڕاڵی و لایەنە شیعە و سوننەکان و تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسەکە".
بەهار مەحمود وتیشی، " دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان نیاز پاکی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان لە بارەی بودجەی 2021دا نیشانبدات، پێویستە بە زووترین کات شاندێکی سیاسی ڕەوانەی بەغدا بکات، بەڵام زۆر بەداخەوە حکومەتی هەرێم زۆر بێ باکە لەو بارەیەوە، نازانین هۆکارەکەی چییە".