گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوو رۆژ پاش ئازادكردنی

دكتۆرەكەی كیتۆ لەبارەی پرۆژەكەی و پەیوەندی بە پەكەكەوە ڕوونكردنەوە دەدات

2021.01.09 - 18:29
App store icon Play store icon Play store icon
دكتۆرەكەی كیتۆ لەبارەی پرۆژەكەی و پەیوەندی بە پەكەكەوە ڕوونكردنەوە دەدات

ناس كورد_

ئەدمینی گروپی كیتۆدایت مەزن جەمیلە، كە خوێندكاری قۆناغی پێنجەمی پزیشكییە رایگەیاند بۆیە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیركرا تا بزانن ئایا پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە ماوە یان نا "چونكە دەزانن خەڵك گوێم لێدەگرێت".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

مەزن جەمیلە (25 ساڵ) لە ڕوونكردنەوەیەكی ڤیدیۆییدا ئێوارەی ئەمڕۆ (9 كانونی دووەم 2021) كە "ناس كورد" دیویەتی، ئەوەی رەتكردەوە هیچ پەیوەندییەكی بە پارتی كرێكارانەوە مابێت، ئەگەرچی ماوەیەك لەگەڵیان كاری كردووە، جەختی لەوەش كردەوە ئێستا بەسەربەخۆیی دەژی و دوورە لەحیزبایەتی و بۆ خۆی بیر دەكاتەوە. هەروەها ڕوونیكردەوە دەمانچەكەی مۆڵەت و ئاگاداریی پێشوەختەی هەبووە و هیچ كێشەیەكی تێدا نەبووە.

 

لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنیشی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بۆ نزیكەی دوو هەفتە لەپاش دانانی رستۆرانتێكی كیتۆدایت لە شاری هەولێر، وتی "بۆ تەسفیە حساباتێك بوو تا بزانن ئایا من پەیوەندی كۆنم لەگەڵ پەكەكە ماوە یان نا و ئایا ئیش بۆ هیچ لایەنێك دەكەم یان نا، پاش دڵنیابوونەوەش دەركەوتووە هیچم لەسەر نییە و سەر بەكەس نیم ئازادكرام".

مەزن كاركردنیشی لەناو پەكەكە لە خواركوڕك (2012) بۆ قۆناغێكی گەنجی و سۆزداری گێڕایەوە و هەر دوای دوو هەفتەیش دەستبەرداری بووە و خێرا پەیوەندی كردووەتەوە بەخوێندنەوە "لەسەر ئەمەش لەلایەن پەكەكەوە ئیهانەی زۆركرام"، بەڵام دواتر ماوەیەكیتر وەك چالاكی مەدەنی لەگەڵیان دەستی پێ كردووەتەوە بەرلەوەی بەیەكجاریی واز بهێنێت. 

 

مەزن كە بەناوی دایكییەوە (جەمیلە) ناسراوە و لەنێوان سلێمانی و هەولێر دەژی باسی لەوەكرد لەگەڵ دەستگیركردنیدا سەریان تاشیوە، راستە ئازاریان نەداوە بەڵام زیندان ناڕەحەتی و ئازاری خۆی هەبووە كە نایەوێ باسی بكات "چونكە پێیان ناخۆشە".

مەزن باسی لەوەشكرد هەردوو مۆبایلەكەی هێشتا لای ئاسایشە و هیچ شتێكی شاراوەی نەبووە تا جێگەی نیگەرانی بێت و وتیشی "دەزانن ئێستا خەڵكێك گوێم لێدەگرێت و كاریگەریم هەیە ویستیان بزانن من چیم".

ڕۆژی 25ی کانونی یەکەمی 2020 دوای کردنەوەی چێشتخانەی کیتۆ لە هەولێر (مەزن جەمیلە) كە ناسراوە بە دكتۆر مەزنی كیتۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

 

پێشتریش جەمیلە مەهدی دایکی مەزن کە بەرپرسی دۆسیەى مافەکانی مرۆڤە لە نووسینگەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق (یۆنامی) و وەکو یەکێک لە ژنە داهێنەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن رێکخراوەکە دەستنیشانکراوە ڕایگەیاندبوو، نەتەوە یەکگرتووەکانی لە گرتنی کوڕەکەی ئاگادار کردووەتەوە.

 

مەزن كە خۆی بە مەزن جەمیلە دەناسێنێت و تەمەنى 24 ساڵە، خوێندکارى دوایین قۆناغى کۆلێژى پزیشکييە، لە ڕێگای پڕۆژەى کیتۆ بۆ دابەزاندنى کێش ماوەیەكە لەگەڵ پزیشك و سیستمە باوەكانی كێش دابەزاندن لە كێشمەكێش و كێبەركێدایە و لەهەندێ پرۆگرام و تێچێن و لایڤدا چووەتە رووبەڕووبوونەوەوە.   

مەزن لە هەندێ لایڤ  و نووسیندا لەبارەی کیتۆ دایت وتوویەتی ئەم سیستمە بە واتای کەمخواردنی کاربۆهیدرات، هەروەها جێگرتنەوەی بە چەوری دێت، کە ئەمەش مێتابۆلیزمی لەشت دەگۆرێ بۆ بارێک کە پێی دەوترێت کیتۆسس.  

  

کاتێک ئەمە روودەدات، لەشت زۆر بەتوانا دەبێت لە سووتاندنی چەوری بۆ دەستکەوتنی وزەی پێویستی لەش، هەروەها گۆڕینی چەوری بۆ کیتۆن لە جگەردا کە وزەی پێویست بۆ مێشک دابیندەکات.