گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’باجەکەى دەدەن’’

ترەمپ دانی بە شکستدا نا و پشتی کردە لایەنگرانی

2021.01.08 - 08:35
App store icon Play store icon Play store icon
ترەمپ دانی بە شکستدا نا و پشتی کردە لایەنگرانی

ناس کورد-

دۆناڵد ترەمپ دانی بە سەرکەوتنی کاندیدی دیموکراتەکان جۆ بایدندا نا لە هەڵبژاردەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و بەو خۆپیشاندەرانەشی کە هەڵیان کوتایە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، "نوێنەرایەتی ئەمریکا ناکەن و باجەکەى دەدەن."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوای ئەوەی لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمریکا هەژمارەکانی ترەمپیان سڕ کرد، لە یەکەم دەرکەوتنیشیدا دوای ئەو سڕکردنە، ترەمپ ڕایگەیاند، ڕۆژی 20ی کانونی دووەمی پڕۆسەی ڕادەستکردنی دەسەڵات بەڕێوەدەچێت و پابەندە بە وازهێنان لە دەسەڵات.

 

ئەوەش یەکەم دانپێدانانی ترەمپ بەوەى کە جۆ بایدن سەرۆکى داهاتووی ئەمریکایە و وتی، "کۆنگرێک ئەنجامەکانی پەسەند کرد، پڕۆسەی ڕادەستکردنی دەسەڵات ڕۆژی 20ی کانونی دووەم دەبێت، لەئێستادا هەوڵەکانم بۆ ڕێکختن و ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە خەرج دەکەم."

 

ترەمپ وتیشی، "وەکو هەموو ئەمریکییەکان، منیش توڕەم لە توندوتیژی و ئاژاوە و نەبوونی یاسا، یەکسەر فەرمانم کرد بە بڵاوەپێکردنی پاسەوانی نیشتمانی و یەکەکانی ڕزگای فیدڕاڵی بۆئەوەى ئەو کەسانە وەدەربنێن کە هێرشیان کردە سەر کۆنگرێس، ئەمریکا وڵاتی یاسا و ڕێکستن بووە و واش دەمێنێتەوە، ئەوانەى دزەیان کردە ناو کاپیتۆڵ (کۆنگرێس) دیموکراتی ئەمریکایان ژەهراوی کرد."

 

باسی لەوەشکرد، "بۆ هەموو ئەوانەى کە تێوەگلاون لە کاری تێکدەرانە، پێتان دەڵێم کە ئێوە نوێنەرایەتی وڵاتەکەمان ناکەن، بەوانەش کە یاسایان شکاند دەڵێم کە باجەکەى دەدەن. بە هەڵبژاردنێکی پڕ لە فشاردا تێپەڕبووین بەڵام ئێستا پێویستە هەمووان هێمن بینەوە و ئارامی بگەڕێتەوە."

 

لەبارەی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیشەوە، ترەمپ وتی، "هەڵمەتەکەم تەواوی ڕێگا یاساییەکانی گرتەبەر بۆ ئەنجامدانی وردەکاری لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا و ئامانجی سەرەکیشم دڵنیا بوون لە پاکی و بێگەردی هەڵبژاردنەکان، من بەرگریم لە دیموکراتییەتی ئەمریکا کرد و هێشتا پێموایە کە دەبێت چاکسازی لە یاسا هەڵبژاردنەکان بکەین."

 

لە کۆتاییدا ترەمپ وتی، "بە هاوڵاتیانیش دەڵێم خزمەتکردنی ئێوە شانازی بوو بۆم، بەوانەش کە هەوڵی سەرکەوتنی منیان دا دەڵێم، ئەزانم بێهیوا بوون بەڵام پێتان دەڵێم کە گەشتەکەمان تازە دەستپێدەکات."

 

ئەوە لەکاتێکدا ڕۆژی چوارشەممەى ڕابردووە، ترەمپ داوایان لە هەزاران لایەنگری خۆی کرد بەرەو بینای کۆنگرێس بڕۆن وەک ناڕەزایەتییەک لەدژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، خۆپیشاندەران بەربەستی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیان شکاند و هەڵیانکوتایە سەر بینای کۆنگرێس بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەمریکادا، گرژی و ئاڵۆزی لەناو بینای کۆنگرێسدا دروست بوو، ئەمڕۆش بەهۆی برینەکەیەوە، ئەفسەرێک گیانی لەدەستدا.