ناس کورد-
کچێکی تەمەن 16 ساڵ لە کەمپی بێرسڤێی ئاوارەکانی شنگال لە قەزای زاخۆی سەربە پارێزگای دهۆک خۆی خنکاند و ئەوەش سێیەمین حاڵەتی هاوشێوەیە لە 72 کاتژمێری ڕابردوودا، مامێکی کچەکە دەڵێت، شەوی ڕابردوو پێکەوەبوون هیچ کێشەیەکی نەبووە و زۆریش لەگەڵیان پیکەنیوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی کانوونی دووەمی 2021، لە کەمپی بێرسڤێ لە قەزای زاخۆ کە تایبەتە بە ئاوارەکانی شنگال کچێکی تەمەن 16 ساڵ بەناوی سەلما سەعید بەڕێگای خۆخنکاندن کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
مامی سەلما، بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، سەلما هیچ کێشەیەکی نەبووە و تەنانەت لای ماڵەوە زۆر خۆشەویست بووە و کچێکی ئازاد بووە و زۆر زۆر خۆشیاندەویست.
وتیشی، "دوێنێ بینیوم و قسەمان کرد بارودۆخی زۆر باشبوو و قسە و گاڵتەیەکی زۆری لەگەڵ کردین و زۆریش پێکەوە پێکەنین، هیچ شتێکی نامۆم لێنەبینی تا ئەوەی گومان بکەین کە دۆخی خراپە و کارێکی وادەکات."
ئاماژەی بەوەشکرد، "تەرمەکەی بردراوەتە پزیشکی دادی لە دهۆک و کارەکان لەوێ تەواوبوون و تەرمەکەی دەبەینەوە لە قەزای شنگال بە خاکی دەسپێرین."
خێزانی سەلما خەڵکی ناوچەی تل عوزێرن لە قەزای شنگال لەدوای هێرشی داعش بۆسەر شنگال، ئاوارەبوون و لەئێستادا لە کەمپی بێرسڤێ نیشتەنجێن.
سەلما سێیەمین کچی ئێزدییە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان لەماوەی 72 کاتژمێردا کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە و هاوکات لەماوەی حەوت ڕۆژی سەرەتای ئەمساڵدا لە سنوری پارێزگای دهۆک شەش کەس کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.