ناس کورد-
بریکارى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەمیانەى سەردانیکردنى ئەفسەرە بریندارەکەى سەنگاو رایگەیاند "سەرپێچیکاران روبەڕووى یاسا دەکەینەوە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
چەتۆ ساڵح، بریکارى وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەو ئەفسەرەى لەنەخۆشخانە بەسەرکردەوە کە لەلایەن چەند ڕاوچییەکەوە تەقەى لێکرا و بریندار کرا.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى وەزارەتى ناوخۆ کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لەشاری سێلمانی لە نەخۆشخانەی شار سەردانی ڕائید كارزان بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی سەنگاوی كرد كە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6ى کانوونى دووەمى 2021) لەلایەن چەند ڕاوچییەكەوە تەقەی لێكراو بەفیشەك بریندار كرا.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بریکارى وەزیرى ناوخۆ رایگەیاندووە بكەرانی كردەوەكە دوو جار یاسایان شكاندووە جارێكیان خەریكی كاری ناسایی بونە لەهەمانكاتدا تەقەیان لە كارمەندان و ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، بۆیە بەزوترین كات سەرپێچیكاران ڕوبەڕوی یاسا دەكەینەوە، هەروەها لیوا چەتۆ ساڵح هەموو ئامادەییەكی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەركردنی ئەفسەرە بریندارەكەی پۆلیسی دارستان.
پێشتر ڕەمەک ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی قەزاکە بۆ "ناس کورد" وتی "کاتژمێر ١١:٣٠بۆ ١٢ مەفرەزەکەیەکی پۆلیسی دارستانی سەنگاو بەمەبەستی دەستگیرکردنی ژمارەیەک ڕەوچی لە ئەرکدابوون، لەوکاتەدا لەلایەن ڕاوچیەکانەوە تەقە لە پۆلیسی دارستان کراوە و بەهۆیەوە ڕائید کارزان نورەدین بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دارستانی سەنگاو برینداربووە".
وتیشی "ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە ناسراون و لەئێستادا فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچووە و هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی دەستگیرکردنیاندان".
ڕائید کارزان فیشەک بەر سکی کەوتووە و دوای ئەوە لە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ چارەسەری سەرەتایی بۆکرا لە ئێستادا ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کرا بەمەبەستی چارەسەرکردن.