ناس کورد-
پەرلەمانتارێکى نەوەى نوێ رایگەیاند، لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکى پارتى یەوە هێرشیان کراوەتە سەر، لەکاتى دەنگدان بە کاندیدى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سیپان ئامێدى لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" ى راگەیاند "بە بۆکس خەنجەر لەلایەن فراکسیۆنى پارتى یەوە هێرشمان کرایە سەر لەناو دانیشتنى پەرلەماندا".
وتیشى هێرشەکە بۆ سەر ئەو و سێ پەرلەمانتارى نەوەى نوێ بووە، لەناویاندا مژدە مەحمود و کازم فاروق پەرلەمانتار کە زیانیان بەرکەوتووە.
سیپان ئامێدى ئاماژەى بەوەشکرد، "کەوتنینە ژێر دەست و پێیان و لێمانیاندا سەرۆکایەتى پەرلەمانیش هیچ قسەیەکیان نەکرد".
کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە (6ی کانونی دووەمی 2021) پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی نائاساییدا ئەنجامداو لە دانشیتنەکەدا کە "ناس کورد" بینەری بوو، دەنگدان لەسەر متمانەدان بە كەمال ئەتروشی بۆ پۆستی وەزیری سامانە سروشتییەكان لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدراو بە دەنگی 81 پەرلەمانتار کرایە وەزیری سامانە سروشتییەکان.
ئەو 81 پەرلەمانتارەی دەنگیان بە وەزیری سامانە سروشتییەکاندا، پێکهاتوون لە 45 پەرلەمانتاری پارتی، 17 پەرلەمانتاری یەکێتی، 7 پەرلەمانتاری گۆڕان، 11 پەرلەمانتاری پێکهاتەکان و یەک پەرلەمانتاری لیستی سەردەم.
د.کەمال ئەتروشی، لەساڵی 1975 لە زانکۆی بەغدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی جیۆفیزیک و زانستی بوومەلەرزەزانی بەدەستهێناوە، ساڵی 1991 بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری جیۆفیزیک لە زانکۆی بۆردوی فەرەنسی بەدەستهێناوە، لە چەندین کۆمپانیای گەورەی بواری نەوت و وزە کاری کردووەو لە ساڵی 2017بووە جێگری سەرۆکی کۆمپانیایەکی کوەیتی کە لەبواری نەوت کاردەکەن و لە مانگی تەممووزی 2019ەوە راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ وزە.