ناس کورد-
پەرلەمانتارێکی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان نادات و لە دوو خاڵیشدا هۆکارەکەی ڕووندەکاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی (سێشەممە 5ی کانووەنی دووەمی 2021) ڕایگەیاند، "لەبەر دوو هۆکار بە ڕوون و ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنم کە دەنگ بە کاندیدی پارتی بۆ وەزیری سامانە سروشتییەکان نادەم."
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکردووە بەمشێوەیە دوو هۆکارەکەی ڕوونکردنەوەتەوە:
یەکەم: پێموانییە ئەم بەرێزە ھیچ دەسەڵاتێکی ڕاستی بدرێتێ تا بتوانێت شەفافیەت لە پرۆسەی نەوتی هه‌رێمی كوردستان دروست بکات لە دەرھێنان و به‌ڕێوه‌بردن و ھەناردەکردن و فرۆشتن و گرێبەستەکان و دورخستنەوەی کۆمپانیا سێبه‌ره‌كانی حزب لە بواری نەوتدا، ناتوانێت به‌و دۆكۆمێنت و به‌ڵگانه‌شدا بچێته‌وه كه یاریده‌ده‌ری ئێستای سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كاروباری نه‌وت و غاز و وزه و وه‌زیری پێشووی سامانه سروشتییه‌كان لێی به‌ئاگایه، ناشتوانێت رێگه چاره‌یه‌ك بدۆزێته‌وه بۆ رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر نه‌وت و سامانی سروشتی، هه‌روه‌ها دڵنیام كه ناتوانێت ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی برسی کردنی كوردان ھەڵبوەشێنێتەوە لەگەل تورکیا.
دووەم: لەکاتی متمانە پێ بەخشین بەم کابینەیە سەرباری رێککەوتنەکانمان، به‌ڵام زیاتر لە 10 ئەندامی پەرلەمانی پارتی دەنگیان بە تیمی حکومیی ئێمە (یەکێتی) نەبەخشی، لە ڕاستیدا سبەی بە دەرفەت دەزانم ئه‌و هه‌ڵه سیاسییه‌يان بیربێنمه‌وه، بۆیە بە ڕوونی و ڕاشکاوی رایده‌گه‌یه‌نم كه دەنگ نادەم بە کاندیدی پارتی بۆ وەزیری سامانە سروشتیەکان.