ناس کورد-
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق جەختیکردەوە لە دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی یەکەم وەجبەی ڤاکسینی کۆرۆنا کە بەشی %20ی دانیشتووانی عێراق دەکات و هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر هاووڵاتیان پابەند نەبن کۆرۆنا هێشتا مەترسیی هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕیاز حەلفی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق (سێشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2021) بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق بە لەگەڵ کۆڤاکس رێککەوتووە، بۆ دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ %20ی دانیشتووانی عێراق کە دەکاتە هەشت ملیۆن دانە و کە پێدەچێت یەکەم وەجبە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بگات."
کۆفاکس هەڵمەتێکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕاگەیەندراوە، ئامانج لێی کۆکردنەوەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە بۆ فەراهەمکردنی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نزیکەی 92 وڵاتی هەژار لە جیهاندا.
حەلفی ئاماژەی جەختیکردووەتەوە، هاوکات لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر ڕێککەوتنیان کردووە بۆ دابینکردنی ملیۆن و نیوێک ژەمی ڤاکسین و بڕیارە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بەردەستبێت و لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکەش پەیوەندییان هەیە و هەوڵدەدەن لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا یەکەم ژەمی ڤاکسین دابین بکەن.
باسی لەوەشکردووە، "خۆشبەخیانە ژمارەی توشبوون و گیان لەدەستدان بە پەتاکە ڕووی لە کەمی کردووە، بەڵام ئەو ڤایرۆسە کۆتایی نەهاتووە و هێشتا مەترسییەکانی ماون، بەتایبەت لەگەڵ سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی ڤایرۆسەکە، بۆیە پێویستە پابەندبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییەکان و خۆپاراستنەکان بەردەوام بن."