گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نیوەى ئەندامانى سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە دیالە ’’بندیوارن’’

2021.01.05 - 19:06
App store icon Play store icon Play store icon
نیوەى ئەندامانى سوپا و هێزە ئەمنییەکان لە دیالە ’’بندیوارن’’

ناس کورد-

ڕۆژنامەى "مەدا"ى عێراقى بڵاویکردەوە، تۆمارى یەکە سەربازی و ئەمنییەکانى دیالە دەریدەدەخەن کە نیوەى ئەندامانى هێزەکان لەو سنورە تەنها لەسەر کاغەز بونیان هەیە و بندیوارن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی ڕاپۆرتێکى ڕۆژنامەکە (5ى کانونى دووەمى 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، ئەو بندیوارانە نزیکەى نیوەى موچە و دەرماڵەکانیان پێدەدرێت لەلایەن فەرماندەکانیانەوە لەبەرانبەر پێدانى مۆڵەتى بەردەوام.

 

لە دیالە نۆ پێکهاتەى سەربازى لە سوپا و پۆلیس و دژە تیرۆر بونیان هەیە، لەگەڵ چوار پێکهاتەى دیکەى سەربازى سەر بە حەشدى شەعبى.

 

سەرچاوەیەکى ئەمنى لە دیالە بە ڕۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، "گەندەڵى گەورە لەبەشێک لەپێکهاتە ئەمنى و سەربازییەکان و تەنانەت حەشدى شەعبی لەپشت دوبارەبوونەوەى هێرشەکانى داعشەوەیە لەو پارێزگایە".

 

وتیشى، "ژمارەیەکى گەورە کە دەگاتە نزیکەى نیوەى هێزەکان لە دیالە بندیوارن، ئەفسەرەکان هەمووى یان نیوەى موچەکانیان وەردەگرن".

 

ساڵى 2014 ئەیاد عەلاوى کاتێک جێگرى سەرۆک کۆمارى عێراق بوو، ژمارەى بندیوارانى سوپاى لە عێراق بە نزیکەى چارەکە ملیۆنێک سەرباز خەمڵاندبوو. لەکاتێکدا ئەوکات حەیدەر عەبادى کە سەرۆک وەزیران بوو بە 50 هەزار بندیوار خەمڵاندبووى.

 

بەوتەى سەرچاوەکە، وەزیرى بەرگرى عێراق دوو فەرماندەى سەربازى و ژمارەیەک ئەفسەرى لە دیالە دورخستووەتەوە، دواى زیادبوونى هێرشە چەکدارییەکان لەو سنورە.

 

رۆژى شەممەى رابردوو، سەربازێک کوژرا و شەشى دیکەش برینداربوون، لە هێرشێکى داعشدا بۆ سەر پێگەیەکى سەربازى لە ناوچەى حلوانى نێوان خانەقین و جەلەولا.