ناس کورد-
كهمال ئهتروشی، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی وهزیری سامانه سروشتییهكانی حكومهتی ههرێم ڕایگەیاند، کاری لە پێشینەیان دروستکردنی پەیکەرێکە بۆ وەزارەتەکەى و داوایەکیش لە لایەنەکان دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
كهمال ئهتروشی لە یەکەمین لێدوانیدا لەدوای کاندیدکردنی بۆ میدیای فەرمی حزبەکەى کە "ناس کورد" بینیویەتی (5ی کانونی دووەمی 2020) دەڵێت، "وەزارەتەکە کارێکی زۆری دەوێت، دەمەوێت ئەزمونی 40 ساڵی خۆم لە بواری نەوت بەکاربهێنم بۆ خزمەتی میلەتی خۆمان و کوردستان."
دەشڵێت، "یەکەم کار دروستکردنی هەیکەلێکە بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە ئاستێکی نێودەوڵەتی."
کەمال ئەتروشی وتیشی، هیوادارن "وهزارهتی سامانه سرووشتییهكان پێشبخهن، بۆ ئهم مهبهستهش كارێكی زۆری پێویسته، گرنگی به توانای ئەو گهنجانە دەدەین كه ئەندازیاری نەوتن و ئەزمونی بوارەکەیان هەیە."
هاوکات داواشی له لایهنهكان كرد "پێكهوه وهكو یهك تیم هاوكاریان بن و کاربكهن لهپێناو خزمهتكردنی كوردستان."
بڕیارە سبەینێ پەرلەمانى کوردستان کۆبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر کەمال ئەتروشى کاندیدى پارتى بۆ وەزیرى سامانە سروشتییەکان، دواى ساڵ و نیوێک لە دەستبەرکاربوونى کابینەى نوێ و بەرێوەبردنى پۆستەکە لەلایەن مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتەوە.
بەپێدانى متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە، کەمال ئەتروشی، دەبێتە دووەمین وەزیرى سامانە سروشتییەکان لەمێژوى پێکهێنانى ئەو وەزارەتەدا لەساڵى 2005 ەوە تا ئێستا.
بەپێی بەدواداچوونى "ناس کورد"، کەمال ئەتروشى ساڵى 1955 لەدایک بووە، خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە جیۆلۆجیا لە زانکۆى بەغدا ساڵى 1975، دواى تەواوکردنى خوێندن لە کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى عێراق کاریکردووە تا ساڵى 1985، دواتر چووەتە قەتەر و لە زانکۆى Université de Bordeaux1ى فەڕەنسى بڕوانامەى ماستەرى بەدەستهێناوە لە جیۆفیزیاى دۆزینەوەى نەوت لەساڵى 1987، هەر لەوێ بڕوانامەى دکتۆراشى بەدەستهێناوە.
ئەتروشى نزیکەى چوار دەیەیە لەبوارى جیۆفیزیاى نەوت کاردەکات، سەرەتا لە کۆمپانیاى Elf ى فەرەنسى لە خۆرئاواى ئەفریقا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەنێوان ساڵانى (1987-1999) کاریکردووە، دواتر چووە راوێژکارى ئاژانسى کەنەدى بۆ گەشەپێدانى پڕۆژەکان لە ئەفریقا.
ساڵى 2005 چووەتە کۆمپانیاى نەوتى کوەیت بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانى نەوت وەکو راوێژکار کاریکردووە، ساڵى 2012 بۆ ماوەیەک لە کۆمپانیاى بتروناسى مالیزى کاریکردووە، دواتر لەگەڵ کۆمپانیاى TOTAL ى فەرەنسى کاریکردووە.