گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

یەکگرتوو هەڵوێستى خۆى لەسەر کاندیدى پارتى بۆ وەزیرى سامانە سروشتییەکان راگەیاند

2021.01.05 - 13:28
App store icon Play store icon Play store icon
یەکگرتوو هەڵوێستى خۆى لەسەر کاندیدى پارتى بۆ وەزیرى سامانە سروشتییەکان راگەیاند

ناس کورد-

سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، ئامادەى دانیشتنى پەرلەمان دەبن بۆ متمانەدان بە کاندیدى وەزیرى سامانە سروشتییەکان، بەڵام دەنگى پێنادەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

شێركۆ جه‌وده‌ت لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاى فەرمى حزبەکەى (5ى کانوونى دووەمى 2021)  کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بەوەکردووە "ئاماده‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى په‌رله‌مان ده‌بین به‌ڵام ده‌نگ به‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌كان ناده‌ین".

 

وتیشى "پێمان وایه‌ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ئێستا وه‌ك وه‌زیرى سامانه‌ سروشتیه‌كان ده‌ست به‌كار ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌مان پڕۆسه‌ و گرێبه‌سته‌كانى پێشووى نه‌وت درێژه‌ به‌كاره‌كان ده‌دات، ئه‌وه‌ش هیچ ناگۆڕێت له‌ ره‌وشه‌كه‌ تا پڕۆسه‌ى نه‌وت به‌ته‌واوى چاكسازى تێدا نه‌كرێت".

 

بڕیارە سبەینێ پەرلەمانى کوردستان کۆبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر کەمال ئەتروشى کاندیدى پارتى بۆ وەزیرى سامانە سروشتییەکان، دواى ساڵ و نیوێک لە دەستبەرکاربوونى کابینەى نوێ و بەرێوەبردنى پۆستەکە لەلایەن مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتەوە.

 

بەپێدانى متمانە لەلایەن پەرلەمانەوە، کەمال ئەتروشی، دەبێتە دووەمین وەزیرى سامانە سروشتییەکان لەمێژوى پێکهێنانى ئەو وەزارەتەدا لەساڵى 2005 ەوە تا ئێستا.  

  

بەپێی بەدواداچوونى "ناس کورد"، کەمال ئەتروشى ساڵى 1955 لەدایک بووە، خاوەنى بڕوانامەى بەکالۆریۆسە لە جیۆلۆجیا لە زانکۆى بەغدا ساڵى 1975، دواى تەواوکردنى خوێندن لە کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى عێراق کاریکردووە تا ساڵى 1985، دواتر چووەتە قەتەر و لە زانکۆى Université de Bordeaux1ى فەڕەنسى بڕوانامەى ماستەرى بەدەستهێناوە لە جیۆفیزیاى دۆزینەوەى نەوت لەساڵى 1987، هەر لەوێ بڕوانامەى دکتۆراشى بەدەستهێناوە.  

  

ئەتروشى نزیکەى چوار دەیەیە لەبوارى جیۆفیزیاى نەوت کاردەکات، سەرەتا لە کۆمپانیاى Elf ى فەرەنسى لە خۆرئاواى ئەفریقا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەنێوان ساڵانى (1987-1999) کاریکردووە، دواتر چووە راوێژکارى ئاژانسى کەنەدى بۆ گەشەپێدانى پڕۆژەکان لە ئەفریقا.  

  

ساڵى 2005 چووەتە کۆمپانیاى نەوتى کوەیت بۆ دۆزینەوە و بەرهەمهێنانى نەوت وەکو راوێژکار کاریکردووە، ساڵى 2012 بۆ ماوەیەک لە کۆمپانیاى بتروناسى مالیزى کاریکردووە، دواتر لەگەڵ کۆمپانیاى TOTAL ى فەرەنسى کاریکردووە.