گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشنیازێکى نوێ

لیژنەى کۆرۆنا چارەنوسى خوێندن یەکلایی دەکاتەوە

2021.01.05 - 11:07
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى کۆرۆنا چارەنوسى خوێندن یەکلایی دەکاتەوە

ناس کورد-

وەزیرى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لیژنەى باڵاى رووبەڕبوونەوەى کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر چارەنوسى خوێندن دەدرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

سامان بەرزنجى لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" (5ى کانوونى دووەمى 2021) رایگەیاند، کەمێکى دیکە لیژنەکە کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر چارەنوسى خوێندن دەدرێت.

 

لاى خۆیەوە، گەلاوێژ عوبێد بریاردەرى لیژنەى پەروەردە لە پەرلەمانى کوردستان لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک (5ى کانوونى دووەمى 2021)  کە "ناس کورد" بینیویەتى نوسیویەتى لە دواین كۆبوونەوەیان وەك لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ وەزیری پەروەردە پێشنیازیانكردووە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە شێوەی نیمچە كراوە بێت.

 

رونیکردووەتەوە، بەپێی پێشنیازەکە بۆ قوتابیانی پۆلی شەشی ئامادەیی جگە لە بۆنە نەتەوەیی و ئاینیەكان هیچ پشوویەكیان نەبێت، هەروەها بۆ قوتابیانی پۆلەكانی دیكەش سێ رۆژ بە سێ رۆژ دەبێت، بڕیاری كۆتایش پاڵپشت دەبێت بە راپۆرتە پزیشكیەكان و بۆچوونی وەزارەتی تەندروستی لەوبارەوە.

 

بەپێی بڕیارى پێشووى لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم داخستنى قوتابخانەکان تاوەکو 10ی ئەم مانگە بەردەوامى دەبێت.     

 

ئاسۆ حەوێزى، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێم (4ی کانونی  دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، "راپۆرتى هەڵسەنگاندنەکە تەواو بووە و هەموو بابەتێکى تێدایە لەسەر داخستنى قوتابخانەکان و کەمبوونەوەى ئامارى تایبەت بە کۆرۆنا و بڕیارى کۆتاییش هەمەلایەنە دەبێت".  

  

لەبارەى ئەگەرى بڕیاردان لەبارەى کردنەوە یان دواخستنى زیاترى پڕۆسەى خوێندن، ئاسۆ حەوێزى باسى لەوەکرد، ئەگەرى بڕیاردان لەبارەى کردنەوە یان درێژکردنەوەى بڕیارى دواخستنى دەستپێکردنەوەى خوێندن وەک یەکە و دەگەڕێتەوە سەر بڕیارى لیژنەکە.  

  

جەختیشیکردەوە، داخستنى قوتابخانەکان کاریگەرى زۆرى هەبووە لەسەر کەمکردنەوەى ئامارەکان، هەر بڕیارێکیش بدرێت لەو بارەیەوە مەبەست لێی هەموو ژیانى هاوڵاتییانە.