ناس کورد-
بەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە، 5ی کانوونی دووەمی 2021) ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندی سورەقەڵاتی سەربە ناحیەی ماوەت دژی کەمی خزمەتگوزاری ڕێگاوبان و کارەبای نیشتمانی و نەبوونی نەخۆشخانە خۆپیشاندانیان ئەنجامداو ڕێگای هاتوچۆیان بۆ قەزای ماوەت داخست.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کامەران حەسەن، قایمقامی ماوەت چووە ناو خۆپیشاندەران و ڕایگەیاند، ئەوەی لە توانای ئێمەدا بوبێت بۆ دابینکردنی کارەباو چارەسەرکردنی گرفتەکان بەدواداچوونمان بۆ کردووەو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانییەوە پێمان ڕاگەیەندراوە ئەو بڕە کارەبایەی بۆ سنورەکانی دەوروبەر دابینکراوە ئەو پەڕی توانامانەو ناتوانین زیادی بکەین کە نزیکەی 12 کاتژمێرە.
باسی لەوەشکرد، بۆ گرفتەکانی نەبوونی خزمەتگوزاری و کێشەی نەخۆشخانەکەیان "بەردەوام لەسەر خەتین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای سلێمانی و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەدەین".
کامەران حەسەن قایمقامی ماوەت نیگەرانی خۆشی بەرانبەر ئەو هاووڵاتیانەی خۆپیشاندانیان کردووە دەربڕی بەوەی دەبوو پێشتر بەنوسراو داواکانیان ئاڕاستە بکردایە.
لەبەرانبەردا خۆپیشاندەرانی گوندی سورەقەڵات ڕایانگەیاند "ئێمە گوندەکەمان لەسەر رێگای هاتوچۆی قەزای ماوەتە و ڕۆژانە قایمقام بەم گوندەدا تێپەڕدەبێت یاخود دەکرا لە ڕێگەی ئەنجومەنی گوندەکەوە لە دۆخی ئێمەى بپرسیایە".