ناس کورد-
دەستەى دەستپاکى عێراق ڕایگەیاند، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق یەکەمین بەرپرسى سێ سەرۆکایەتیەکەیە کە فۆرمى ئەستۆپاکى دارایى ساڵى 2021ى پڕ کردووەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، دەستەى دەستپاکى عێراق (4ى کانوونى دووەمى 2021) ڕایگەیاند، فۆرمى ئەستۆپاکى گشتیان بۆ ئەمساڵ لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە پێگەیشتووە و ئەوەش یەکەمین بەرپرسە کە بۆ ئەمساڵ لەنێو سێ سەرۆکایەتیەکەدا ئەوەى لەئەستۆیدایە وەکو موڵکى گشتى و تایبەتى ئاشکراى کردووە.
بەپێى بەندى سێیەم لە مادەى 73ى دەستور کە ساڵى 2011 یاسای لەبارەوە دەرکراوە، سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرەکان و پلە وەزیر و ئەوانەى کە لەپلەى باڵادان پابەند کراون بەپێشکەشکردنى ئەستۆپاکى ساڵانە و هەروەها فۆرمى ئەوەى کە لەئەستۆیانە بەدەستەى دەستپاکى.
هاوکات دەستەکە ئەوەشى ئاشکرا کردووە، لەسەر ئاستى پەرلەمانیش، حەسەن کەعبى جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان یەکەم بەرپرسى ئەو دەزگایەیە کە بۆ ساڵى 2021 فۆرمى ئەستۆپاکى دارایى پڕ کردووەتەوە.