گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

هەرێم دەیەوێت ئاگادارى ’وردەکاریی ناردن و فرۆشتنى نەوتەکەى’ بێت لەبەغدا

2021.01.03 - 19:19
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم دەیەوێت ئاگادارى ’وردەکاریی ناردن و فرۆشتنى نەوتەکەى’ بێت لەبەغدا

ناس کورد-

جێگرى سەرۆکى لیژنەى وزە و سامانە سروشتییەکانى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، پێویستە هەرێم نوێنەرى هەبێت لە کۆمپانیاى سۆمۆ و وەزارەتى نەوتى فیدراڵى، تا ئاگادارى وردەکاریییەکانى پڕۆسەى نەوت بێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

گولیزار رەشید لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" (یەکشەممە، 3ی کانوونی دووەمی 2021) رایگەیاند، لەکاتى هاتنى شاندى هەرێم بۆ پەرلەمان پرسیاریان کردووە لەبارەى هۆکارى نەبوونى نوێنەرى هەرێم لە لە کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) و جەختکراوەتەوە کە پێویستە هەرێم نوێنەرى هەبێت لەو دامەزراوەیە.

 

وتیشى هەروەها پێویستە هەرێم نوێنەریشى هەبێت لە وەزارەتى نەوت، چونکە ئەو دوو دامەزراوەیە بۆ سەرجەم عێراقە.

 

گولیزار رەشید باسى لەوەشکرد "هەرێمى کوردستان لەرێگەى بوونى نوێنەر لەو دوو دامەزراوەیە دەیەوێت ئاگادارى چۆنیەتى فرۆشتنى نەوتەکەى و هەناردەکردنى بێت و ئامادەیە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى سۆمۆ بکات".

 

ساڵى رابردوو هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا دانوستانى چڕیان کرد بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان، کە دیارترینیان نەوت و بودجە و موچەى فەرمانبەرانە، بەڵام هێشتا بەتەواوى رێککەوتنەکە نەکراوە.

 

حکومەتى عێراق لە پڕۆژەى بودجەى ئەمساڵدا پشکى هەرێمى بە 12.6% دیاریکردووە، بەڵام هێشتا پڕۆژەکە لە پەرلەمان پەسەند نەکراوە.

 

لە پڕۆژەکەدا هەرێم پابەندکراوە بە رادەستکردنى 250 هەزار بەرمیل نەوت بە کۆمپانیاى سۆمۆ هاوشێوەى ساڵانى رابردوو لەبەرانبەر پێدانى ئەو پشکەدا کە بۆى دیاریکراوە.

 

عەلا یاسری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای (سۆمۆ) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراقییە کە "ناس کورد" بینیویەتی (2ی کانونی دووەمی 2021) رایگەیاند "بڕی هەناردەکراوی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی دەگاتە 430 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، سۆمۆ دەتوانێت ئەو بڕە نەوتە وەربگرێت بە مەبەستی هەناردەکردنی بۆ دەرەوە".  

  

وتیشى "تائێستا بە فەرمی ئاگادارنەکراوینەتەوە لەوەی هەرێمی كوردستان نەوتەكەی ڕادەست دەكات، لەبەرئەوە داوامان لە هەرێم كردووە بەشێک لە نەوتەکەى ڕادەست بكات".  

    

پێشتر قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا جەختیکردبووەوە ئامادەن 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشن، وەکو چۆن لە بودجەی 2021دا هاتووە.