گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وابڕوات خوێندنی ئەمساڵ دەفەوتێت

یەکێتی مامۆستایانی کوردستان: ڕاگرتنی خوێندن بڕیارێکی سیاسییە

2021.01.03 - 11:56
App store icon Play store icon Play store icon
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان: ڕاگرتنی خوێندن بڕیارێکی سیاسییە

 ناس کورد-

ئەنجومەنی جێبەجێکاری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لەبارەی چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ لە کۆبوونەوەدایە و وتەبێژی یەکێتییەکەش دەڵێت، ڕاگرتنی خوێندن بڕیارێکی سیاسییە و داوادەکەن، خوێندن دەستپێبکاتەوە لەگەڵ ئەوەشدا 30 ڕۆژ جارێک موچە دابەش بکرێت، دەشڵێت، لەوە زیاتر خوێندن ڕابگیرێت، خوێندنی ئەمساڵ دەفەوتێت. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی کانوونی دووەمی 2021، ئەنجومەنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بۆ تاووتوێ کردنی پرۆسەی خوێندن و دۆخی ژیانی مامۆستایان کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست.

 

ئەحمەد کەرکوکی، وتەبێژی سکرتارییەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە و چیتر خوێندنی منداڵان و گەنجان نەفەوتێنرێت."

 

وتیشی، "ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بڕیارێکی سیاسییە و حکومەت ناتوانێت موچە دابەش بکات بۆیە خوێندنی ڕاگرتووە و دەیەوێت بەوشێوەیە دۆخەکە بەڕێ بکات."

 

جەختیشیکردەوە، "ئێمە داوادەکەین هەرچی زووە پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە و 30 ڕۆژ جارێکیش موچە دابەش بکرێت، ئەگەرنا مامۆستایان بایکۆت دەکەن و خوێندن بەشێوەیەکی تەندروست بەڕێوە ناچێت، لەوەش زیاتر پرۆسەکە ڕابگیرێت، خوێندنی ئەمساڵ دەفەوتێت و کاتێکی ئەوتۆ نامێنێتەوە."

 

باسی لەوەشکرد، لەدوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە و کۆی داواکاری و پێشنیازەکانیان دەخەنەڕوو.