ناس كورد-
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین راگەیەندراوێكی لەبارەی دەستگیركردنی دوو دز بڵاوكردەوە كە لەناو مزگەوتێكی شارۆچكەی حاجیاوا، دزییان كردبوو.
.
لەراگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین كە وێنەیەكی دەست (ناس كورد) كەوتووە، ئاماژە بەوە كراوە "دوای ئەوەی هەواڵدەرێك سەردانی بنكەی پۆلیسی ماكۆكی كرد لە ناحیەی حاجیاوا و ڕایگەیاند كە دزی لە مزگەوتی گۆرستانی گشتی حاجیاوا كراوە دەرگاكانی مزگەوتەكە و هەندێك كەلوپەلی ئاسنی مزگەوتەكە لێكراوەتەوە. دەستبەجێ ڕێكاری یاسایی گیرایە بەر و مەلەفی لێكۆڵنەوە كرایەوە و بڕیاری دادوەر بەدەستهات بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتباران".
.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، دوای هەوڵدان و بەدواداچوون لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی ماكۆك دوو كەس دەستگیركران كە هەردووكیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵە و لە ڕەگەزی نێرن و دانیشتوی ناحیەی حاجیاوان.
.
راگەیەندراوەكە روونیدەكاتەوە، لە بەردەمی پۆلیس و دادگا دانیان ناوە بە تاوانەكەیان كە هەستاون بە لێكردنەوەی دەرگاكانی مزگەوتی گشتی گۆڕستانی حاجیاوا و هەندێك كەلوپەلی ئاسنیان بردووە و دواتر بە ئاسنەواڵە فرۆشتوویانە.
.
لەراگەیەندراوەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە، هەردوو تۆمەتبارەكە بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
.