ناس کورد-
بەرپرسێکى باڵاى کاروبارى بازرگانى ئێران ڕایگەیاند، دەروازەی سنوریی باشماخى نێودەوڵەتیى هەرێمى کوردستان چالاکترین خاڵى سنوورییە بۆ ترانزێتى شتومەک و ئاڵوگۆڕ کردنى باهەڵگرەکان لە نێوان ئێران و هەرێمدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەلێدوانێکى دا بۆ ئاژانسە فەرمییەکانى ئێران کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، جەواد هیدایەتى، بەڕێوەبەرى ترانزیت و بارهەڵگرى نێودەوڵەتیى ئێرانى (شەممە 2ى کانوونى دووەمى 2021) ڕایگەیاندووە، قەبارەى دەرچوونى بارهەڵگرە ئێرانییەکان لە دەروازە سنورییەکانەوە لە دوو مانگى ڕابردوودا بەڕێژەى 49 % زیادى کردووە."
ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا جموجۆڵى هاتووچۆى باهەڵگرەکان لەڕێگەى خاڵە سنورییەکانەوە گەیشتووەتە 159 هەزار و 996 بارهەڵگر و لەنێو ئەو بارهەڵگرانەدا نزیکەى 37 هەزار بارهەڵگرى شتومەکى هەناردە کراو بووە و 10 هەزار بارهەڵگریشى شتومەک و کەلوپەلى هاوردەکراو بووە.
هیدایەتى ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، خاڵى سنوریى "بازرکانى" تورکیا لەلیستى یەکەمدا هاتووە بۆ هاوردە و هەناردەکردن و بەدواى ئەوانیشدا خاڵى سنووریى جەلفاى هاوبەش لەگەڵ ئەرمینیادا هاتووە لەڕووى هاوردەکردن و خاڵى سنوریى ئاستاراش لەگەڵ ئازەربایجاندا بەپلەى سێهەم هاتووە لەڕووى هەناردە کردنەوە.
ئەو بەرپرسەى ئێران باسى لەوەشکردووە، خاڵى سنوریى باشماخى هاوبەش لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا چالاکترین خاڵ بووە بۆ ترانزێتى شتومەک و بەدواى ئەویشدا خاڵى سنوریى دۆگارۆنى سنوورى ئەفغانستان هاتووە.
هیمەتى جەختى لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، خاڵە سنورییەکان لەگەڵ عێراق و ئەفغانستاندا لەڕووى ئاڵوگۆڕى بارهەڵگرەکانەوە چالاکترین خاڵى سنوریین لەلایەن ئێرانەوە.