ناس کورد-
ئەندامێکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کڕینی کارەبا لە تورکیا هەنگاوێکی زۆر مەترسیدارە و بەو پلانەی حکومەت کڕینی 200 مێگاوات کارەبا ساڵانە 120 ملیۆن دۆلار دەکەوێت، دەشڵێت، پێویستە ئەو کارە نەکرێت و بیر لە ڕێگەچارەی دیکە بکرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کاروان گەزنەیی، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان (هەینی 1ی کانوونی دووەمی 2020) لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند، "وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەکردووە کە بڕی 200 مێگاوات کارەبا لە تورکیا دەکڕن، لە کاتێکدا ئەو بڕیارە مەترسیدارە و دەبێت بوەستێندرێت. "
ئاماژەی بەوەشكردووە، " حکومەتی هەرێم، بۆ هەر کیلۆواتێک حەوت سەنتی لەسەر دەکەوێت و هەر مێگاواتێکیش 1000 کیلۆواتە، واتا حکومەتی هەرێم نزیکەی 200 هەزار کیلۆوات دەکڕێت لە بەرامبەر 14 هەزار دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک، ئەو بڕە دەکاتە، 336 هەزار دۆلار لە ڕۆژێکدا و نزیکەی 120 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا، بۆ سێ ساڵ ئەو پارەیە دەکاتە نزیکەی 365 ملیۆن دۆلار. "
گەزنەیی دەڵێت، کەواتە، حکومەتی هەرێم بۆ کڕینی کارەبا نزیکەی 360 ملیۆن دۆلاری پێویستە، لە کاتێکدا دەتوانێت بەو بڕە پارەیە سێ هەنگاوی خۆماڵی بنێت و بەشێکی کێشەی کارەباشی پێ چارەسەربکات، کە ئەمانەن:
یەکەم: کڕینی کارەبا لە ڕێگەی وزە نوێبووەکان وەکو (تاقەی شەمسی) وزەی خۆر، هەمان بڕی کارەبا بۆ ماوەی 30 ساڵ بکڕێت.
دووەم: دەتوانێت پاوەرپلانتێکی نوێ دروستبکات و لە ماوەی سێ بۆ چوار ساڵ بڕی 400 بۆ 500 مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنێت.
سێیەم: یانیش دەتوانێت بە هەمان بڕ لە ڕێگەی گازی سروشتی هەمان بڕ و بگرە زیاتریش بەرهەم بهێنێت، کەواتە هۆکاری کڕنی کارەبا لە تورکیا چییە؟.
ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان باسی لەوەشكردووە، "لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم لە ئێستادا توانای بەرهەمهێنانی وێستگە کارەباییەکانی نزیک بووەتەوە لە 7000 مێگاوات و بە کۆی گشتی نزیکەی 3500 بۆ 3800 مێگاوات بەرهەمدەهێنێت بە گوێرەی کات، لە هەمان کاتدا، کێشەی کارەبا بەردەوامە و دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە سود لە وزە نوێبووەوەکان وەربگیرێت، بەڵام لە هەموو بارێک دەبێت کڕینی کارەبا لە تورکیا ڕەتبکرێتەوە و ڕابگیرێت.
جەختیشیکردووەتەوە، ئەمە هەنگاوێکی مەترسیدارە و زیانێکی گەورە بە حکومەتی هەرێم و هاووڵاتییان دەگەیەنێت و کێشەی کارەباش وەکو خۆی بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە، ئەو هەنگاوە مەترسیدارە و پێویستە لە لایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕابگیرێت.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی کارەبای هەرێم ئاشکرایکرد، حکومەت پلانی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا بڕی 200 مێگاوات کارەبا لە تورکیا بکڕێت.