ناس کورد-
پاش گرژییەكانی ئەمدواییەی نێوان عەسایب و حیزبوڵڵا و سەرۆك وەزیرانی عێراق، زیاتر لە جارێك سەركردەكانی عەسایب پێداگریی خۆیان لەسەر رێزگرتنی كاركردن لەچوارچێوەی دەوڵەت و دووركەوتنەوە لە گرژی راگەیاند، بەرای چاودێرانیش كۆمەڵێك فاكتەر هاندەرن بۆ ئەو گۆڕینی گوتارە بەئاراستەی پێچەوانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو پێداگرییەی عەسایب لەسەر خۆ دوورخستنەوە لە بەریەككەوتن دواترینیان چاوپێكەوتنەكەی شەوی سەری ساڵی قەیس خەزعەلی ئەمینداری بزوتنەوەكە بوو، لەدوای ئەوە دێت كە بەهۆی دەستگیركردنی كادرێكی باڵای بزوتنەوەكە (حیسام زریجاوی) و پێنج هاوەڵیتری بەتۆمەتی هاویشتنی 21 موشەك بەرەو باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، چەند شەوێك بەر لەئێستا چەكدارەكانیان لەهەندێ شەقامی بەغدا بڵاوەیان كرد و كەوتنە هەڕەشەكردنی هەڵكوتانە سەر بارەگای دەزگای هەواڵگری سەربازیی بۆ ئازادكردنی گیراوەكانیان، هەروەها كەتیبەكانی حیزبوڵڵاش بەهەڕەشە چوونە پاڵیان.
ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن لەسەرەتای گرژییە ئەمنییەكاندا حكومەت كەوتە بەردەم دوو ڕێیانێكی یەكلاكەرەوە؛ یان ئازادكردنی كادیرەكەی عەسایب بەهەمان شێوازی ئازادكردنی 14 چەكدارەكەی حیزبوڵڵا لە كۆتایی حوزەیرانی 2020، یان بەرەنگاربوونەوەی عەسایب، لەم كاتەشدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران لە تویتەرەكەیەوە رایگەیاند "ئامادەی روبەڕووبەڕووبوونەوەی یەكلاكەرەوەین".
میدیا و چالاكەكانی بەرەی عەسایب لە سۆشیال میدیا و ماڵپەڕە هەواڵییەكان دزەیان بە بەڵگەنامەیەك كرد كە حكومەت و عەسایب لەرێگەی قاسم ئەعرەجی سەركردە لە رێكخراوی بەدر گەشتبوونە رێككەوتن بۆ رادەستكردنی گیراوەكان بە ئاسایشی حەشدی شەعبی، بەڵام دواتر وەزارەتی ناوخۆ هەبوونی وەها رێككەوتنێكی رەتكردەوە.
راپۆرتێكی رۆژنامەی ئەلمەدا (26 كانونی یەكەمی 2020) ئاماژە بەوە دەكات، مستەفا كازمی نەرێتی خۆ بێدەنگكردن و چاوپۆشیكردنی لە هاویشتنی موشەك بۆ سەر ناوچەی سەوز شكاند، بەمەش عەسایب كەوتنە بەردەم بەرپرسیارێتی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا، بەڵام لەپاش گرژییەكان، عەسایب لەزاری مەحمود روبەیعی ئەندامی مەكتەب سیاسی بزوتنەوەكەوە لە كەناڵی فەرمی دەوڵەت، ئیدانەی هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكایان كرد و ئەوەشیان راگەیاند "ناكرێت تاسەر بەغدا بەدەستی گروپی چەكدارەوە بێت".
هەندێك لە چاودێران پێیانوایە ئەوەی وەهای كرد عەسایب هەندێك پاشەكشە بكەن لە هەڕەشەكانیان چەند هۆكارێكن لەوانەش:
ـ ئەم بزووتنەوەیە لە ئێستادا جگە لەحكومەت بەرەیەكیتری شەڕی هەیە لەگەڵ شەقامی شیعی بەهۆی ئەوەی قەیس خەزعەلی حەشدی عەتەبەكان "حەشدی سیستانی" بە پرۆژەیەكی ئیسرائیلی و ئەمەریكی لەقەڵەمدابوو.
ـ راپۆرتێكی ئیندیپێندێنتی عەرەبی (29 كانونی یەكەمی 2020) باس لەوە دەكات لە دوا رۆژگارەكانی ویلایەتی ترەمپدا ئێران خوازیاری بەریەككەوتنی گەورە نییە لەگەڵ ئەمەریكا چ لە رێگەی خۆی و چ لە رێگەی باڵە سەربازییەكانییەوە نەبادا پەرەچەكرداری گەورەی بەدوادا بێت.
ـ بەپێی لێكدانەوەیەكی رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن (28كانونی یەكەمی 2020) ئەو دۆخەی دروست بوو لەبەرژەوەندی میلیشیاكان نەبوو كە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆن و پێویستیان بەدەرخستنی نەرمی زیاترە، ئەمەش وایكردووە زیاتر پەنا بۆ هێوركردنەوە ببەن.
ـ هەندێكیتر باس لە رۆڵی سەدرییەكان دەكەن لە پاڵپشتی حكومەت و بەرەنگاربوونەوەی ئێرانییەكانیش تەنانەت، لەلایەك لەبەر بەریەككەوتنی كۆنینەیان لەگەڵ عەسایب و لەلاكەیتر لەبەر خۆ نمایشكردنیان وەك بەهێز و خاوەن بڕیار لەكاتێكدا داوای پۆستی سەرۆكایەتی وەزیران دەكەن.
بەپێی هەندێ زانیاریش كە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویكردووەتەوە (30 كانونی یەكەمی 2020) ئەو هەواڵانەی لە كۆبوونەوە و دیدارەكانی كازمییەوە دزەیان كردووە باس لە خۆشحاڵی و متمانە بەخۆبوونی ناوبراو دەكەن لەپاش گرژییەكانی ئەمدواییەی بەغدا و لەگەڵ كۆتاییهاتنی پشووەكانی سەری ساڵ و ئاساییبونەوەی ژیان و دەستپێكردنەوەی جموجوڵە سیاسییەكان زیاتر ئەوە روون دەبێتەوە كە رەوتی بەریەككەوتن و گرژییەكانی ئەمدواییە بەرەوكوێ دەڕوات.