کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد _ وریا حسین
سه‌ربارى نیگه‌رانى و تێبینی چەند لایەنێک، بەپێی بەدواداچوونەکانی ناس کورد، ئه‌گه‌رێكى به‌هێز هه‌یه جارێكى تر ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كانى هه‌رێم ببێتە بە وەزیرى هەمان وەزارەتەکەى خۆی، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى لاى به‌شێك له په‌رله‌مانتاران دروستكردووه و ده‌ڵێن "ده‌نگى پێنادەین".
لەدوای جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان، ڕاسته‌وخۆ سه‌رۆكى هه‌رێم له په‌رله‌مانى كوردستان هه‌ڵده‌بژیرێت، پاش ئه‌وه به مه‌رسومێك سه‌رۆكى هه‌رێم كاندیدى سه‌رۆكى حكومه‌ت بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ ده‌ستنیشان ده‌كات.
به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانی ناس کورد، له ماوه‌ى دوو مانگى ڕابردوودا له‌ناو پارتیدا قسه‌ى زۆر له‌باره‌ى ناوى كاندیدى پۆسته وەزارییەکان كراوه، نێچیرڤان بارزانى و مه‌سرور بارزانى کە کاندیدی حزبەکەیانن بۆ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم و سەرۆکى حكومه‌ت ناكۆكییان هەیە له باره‌ى دانانه‌وه ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان به‌جۆرێك مه‌سرور بارزانى دژى دانانه‌وه‌ى ئاشتى ههورامییە لە پۆستەکەى.
.
هەر بەپێی زانیارییەکانى ناس کورد له چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه ده‌ستى كه‌وتووه، له‌باره‌ى چارەنوسی ئاشتى هه‌ورامیه‌وه چه‌ند سیناریۆیه‌ك تاوتوێكراوه له‌وانه‌ش:
- ببرێته سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم وه‌كو ڕاوێژكارى نێچیرڤان بارزانى ده‌ستبه‌كاربێت و هاوكارى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان بێت، له‌برى ئه‌و دوو كه‌س كاندیدكراون ئه‌وانیش (سالم غبان كه پێشتر له عێراق كاندید بووه بۆ وه‌زیرى نه‌وت، شێخ باز بارزانى، سه‌رۆكى كۆمپانیاى كارى نزیك له پارتى.
- ئاشتى هەورامیی له شوێنى خۆى دابنرێته‌وه وه‌كو وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان یان لانى كه‌م بۆ ماوه‌ى دووساڵ كاربكات تا پرۆسه‌كه ده‌گوازێته‌وه بۆ وه‌زیرى نوێ كه كاندیده‌كانن.

به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى ناس كورد، ئه‌گه‌رى به‌هێز له‌نێوان ئه‌م دوو سیناریۆیه‌دا كه له ناوخۆی سه‌ركردایه‌تى پارتى، به‌تایبه‌ت مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى ڕێكهوتنى سه‌ره‌تایى له‌سه‌ركراوه ئه‌وه‌یه ئاشتى هه‌ورامى له كابینه‌ى نۆیەم بكرێته‌وه به وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان یان لانیكه‌م بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ پۆسته‌كه‌ى بدرێته‌وه تاوه‌كو وه‌زیرێك ئاماده‌ده‌كرێت بۆ ئه‌و پۆسته و مه‌له‌فه‌كانى ڕاده‌ستده‌كات.
هه‌ر به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان، بەریتانیا و تورکیا له كه‌یسى دانانه‌وه ئاشتى هه‌ورامى به وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان قسه‌ى خۆیان هه‌بووه و فشاریان كردووه بۆ دانانه‌وه وه‌زیر ئه‌وه‌ش ڕۆڵى هه‌بووه له خاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆچوونە تونده‌ى مه‌سرور بارزانى کە پێی وابووە نابێت ئاشتى هه‌ورامى بكرێته‌وه به وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان.
سه‌ركۆ ئازاد، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى سامانه سروشتییه‌كان له‌باره‌ى دانانه‌وه‌ى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان یان لادانى ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات تائێستا ئه‌وه‌ى وه‌كو زانیارى هه‌بێت لاى ئه‌وان ئه‌وه‌یه كه "چانسى دكتۆر ئاشتى هه‌ورامى بۆ كابینه‌ى داهاتوو له كاندیده‌كانى دیكه زیاتره"، ووتیشى "ئه‌گه‌رى به‌هێزه له شوێنى خۆى وه‌كو وه‌زیر ده‌ستبه‌كار ببێتەوە".
.
بڕیارده‌رى لیژنه‌ى سامانه سروشتییه‌كان جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، وه‌زیرى داهاتوو هه‌ركه‌س بێت ده‌بێت شه‌فافیه‌ت په‌یڕه‌وبكات و وتیشى، "تێبینمان له‌سه‌ر كارى ئاشتى هه‌ورامى هه‌یه، به‌ڵام تائێستا وه‌كو فراكسیۆن یەکێتى هیچ بڕیارێكمان له‌سه‌رى نیه".
هاوکات به‌همه‌ن كاكه عه‌بدوڵا، په‌رله‌مانتارى كوردستان له فراكسیۆنى پارتى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد، دواى ده‌ستنیشانكردنى نێچیرڤان بارزانى وه‌كو سه‌رۆكى هه‌رێم له ماوه‌ى كه‌متر له 30 ڕۆژدا ناوى كاندیدى وه‌زاره‌ته‌كان ده‌ستیشان ده‌كرێت و پاشان ئاڕاسته‌ى فراكسیۆن ده‌كرێن، وتیشى، "كاندید لاى ئێمه زۆر ئاسانه به‌دوو ڕۆژ ده‌توانین كاندیده‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ین".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى پارتى له‌باره‌ى ناوى كاندیده‌كانه‌وه هیچ زانیارییه‌كى نه‌دا و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كرد، ئه‌و بڕیاره له‌ده‌ستى سه‌ركردایه‌تى حیزبهكهیدایه، له‌باره‌ى كاندیدكردنه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامییەوە وتى "تائێستا ناوى هیچ كاندیدێك به‌ده‌ستى ئێمه نه‌گه‌شتووه، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان كراوه‌ن لادان یان مانه‌وه".
له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونى ده‌نگۆى دانانه‌وه‌ى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان، له‌ناو فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌نگى ناڕه‌زایه‌تى ده‌بینرێت، ته‌نانه‌ت به‌شێك له فراكسیۆنه‌كان "ده‌نگى پێناده‌ن".
.
شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو و ئه‌ندامى لیژنه‌ى سامانه سروشتیه‌كان نیگه‌رانى خۆى له ڕابردووی ئاشتى هه‌ورامى نه‌شارده و به‌گوێره‌ى ئه‌و ئه‌زمونه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زیره له كابینه‌ى پێشوو هه‌یبووه، ووتى "له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین دكتۆر ئاشتى هه‌ورامى بمنێته‌وه له پۆسته‌كه‌ى، چونكه متمانه‌ى له‌ده‌ستداوه".
شیرۆكۆ جه‌وده‌ت جه‌ختیشى له‌وه‌كرده‌وه "نه‌ك خۆم به‌ڵكو كۆى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى ده‌نگ بۆ دانانه‌وه‌ى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان نادات".
.
سۆران عومەر، ئەندامێکى تری لیژننەکە به‌هه‌مان شێوه ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات ئه‌وانیش نه ده‌نگ به‌كابینه‌ى نۆیەمی حكومه‌ت ده‌ده‌ن نه وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان، وتیشى "ئه‌گه‌ر هه‌موو فراكسیۆنى كۆمه‌ڵ ده‌نگ به وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان بدات، من ده‌نگى پێناده‌م".
به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ى گۆران "هیچ قسه‌یه‌كى به باش و خراپ له‌سه‌ر دانانه‌وه‌ى ئاشتى هه‌ورامى وه‌زیرى سامانه سروشتیه‌كان نیه"، شاخه‌وان ڕه‌ئوف په‌رله‌مانتارى گۆران واى ووت.