ناس کورد-
ڕێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشبینی دەکات لەیەکەم ڕۆژی ساڵی 2021دا، زیاتر لە 300 هەزار منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا لە دایک بن، ئاماژەشی بەوەکرد، زۆرترین ڕێژەی لەدایکبوون لەو ڕۆژەدا لەوڵاتی هیندستان دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی"ڕوسیا تودەی" ( 1ی کانوونی دووەمی 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە،"ڕێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕاپۆرتێکدا پێشبینی ئەوەی کردووە، لەگەڵ چوونە ناو ساڵی نوێ و لەیەکەم ڕۆژی ئەو ساڵەدا، 370 هەزار منداڵ لە سەرانسەری جیهاندا لەدایک بن، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین ڕێژەی لەدایک بوون لەو ڕۆژەدا لە وڵاتی هیندستان دەبێت کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی 60 هەزار منداڵ بێت".
ئاماژە بەوەشکراوە "پێشبینی دەکرێت ناوەندی تەمەنی ئەو منداڵانە بگاتە 84 ساڵ، وڵاتی هیندستان لە یەکەم ڕۆژی ساڵی 2021 پێشەنگ دەبێت لە ژمارەی منداڵانی تازە لەدایک بوو، و ڕێژەکەشی لە وڵاتی چین، نایجیریا، پاکستان و ئەندونیسیا زۆرتر دەبێت".
بەگوێرەی ڕاپۆڕتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، ژمارەی ئەو منداڵانە کە لەیەکەم ڕۆژی ساڵی نوێدا لە ڕوسیا لە دایک دەبن، پێشبینی دەکرێت بگاتە زیاتر لە چوار هەزار و 800 منداڵ، ناوەندی تەمەنیشیان بە 88 ساڵ مەزەندە کراوە".
ئەوەشخراوەتە ڕوو، ئەو ناوانەی کە زۆرترین منداڵ لەو ڕۆژدا لە ڕوسیا ناویان لێنراوە ماریا بووە بۆ ڕەگەزی مێ و ئیڤان بووە بۆ ڕەگەزی نێر".