ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای کۆیە ڕایگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی زەوی زارەوە لە گوندێکی سەر بە ناحیەی دێگەڵەی سەر بە پارێزگای هەولێر، هەشت کەس بوونە قوربان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەمید عەلی عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە (1ی کانوونی دووەمی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند "شەڕەکە لەگوندی ئەشکەوت سەقا کە دەکەوێتە نێوان سنوری شاری كۆیە و ناحیەی دێگەڵە سەر بە پارێزگای هەولێر پێش نێوەڕوی ئەمڕۆ ڕوویداوە".
وتیشی "دوو بنەماڵەی گوندەکە لەسەر كێشە زەوی و زار بووەتە شەڕیان و بەهۆیەوە چوار کەس کوژراوە و چوار کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون".
عەمید عەلی ئاماژەی بەوەشکرد "لە بنەماڵەیەکیان سێ كەس كوژراوە كە باوك و دوو كوڕن و کەسێکی دیکەشیان برینداربووە و لە بنەماڵەیەكی دیكەش کەسێک کوژراوە و سێ کەس بریندار بوون".
ئەوەشی خستەڕوو "کوژراوەکان یەکێکیان تەمەنی لەسەرووی پەنجا ساڵدایە، کوژراوەکانی دیکەش گەنجن".
بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە، ئەوەشی خستەڕوو، بەمەبەستی توێکاری پزیشکی تەرمی کوژراوەکان ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کراون، پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕوداوەکە لەلایەن پۆلیسەوە کراوەتەوە.