ناس کورد-
ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگەیاند، لە (12) كۆبوونەوەى پەرلەمانى کوردستاندا (168) جار تۆماری ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران تۆمار كراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی راپۆرتێکى ئینستتیوتەکە (31ى کانوونى یەکەمى 2020) بۆ چاودێریکردنى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى کوردستان کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەماوەی ساڵێكدا و لە كۆی (12) كۆبوونەوەدا (168) جار تۆماری ئامادەنەبوونی ئەندامی پەرلەمان تۆمار كراوە جا بەهۆی ئامادەنەبوونەكە بەهۆی (غیاب)ەوە بووبێت، یا مۆڵەت یا بایكۆت.
ئاماژەى بەوەشکردووە، تۆماری ئامادە نەبوونی ئەندامان لە (4) كۆبوونەوەشدا تۆمار نەكراوە یا رانەگەیەنراوە، بۆیە لەبەردەست نەبووە، ئەگینا ژمارەكە لەوە زیاترە.
هەربەپێی راپۆرتەکە، لەماوەی ساڵێكدا پەرلەمانی كوردستان تەنها (59) كاتژمێر كۆبووەتەوە، لەڕابردوودا كۆبوونەوە هەبووە نیو كاتژمێر و كۆبوونەوەش هەبووە دە كاتژمێری خایاندووە، "ئەگەر وەك نەریتێك وەریبگرین و هەر كۆبوونەوەیەك تەنها (3) كاتژمێری بۆ دابنرێت، پێویست بوو بەلای كەمەوە لەماوەی ئەم ساڵەدا پەرلەمان (210) كاتژمێر كۆ ببێتەوە، ئەمە جگە لە كاتژمێری كۆبوونەوە نائاساییەكان ئەگەر بكرایە".