ناس کورد-
شارەزایەكی رێكخراوی ڕوونبیین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت رایدەگەیەنێت بەپێی داتاو ژمارەكانی فرۆشتنی نەوت، حكومەتی هەرێم توانای دابەشكردنی موچەی هەیە دوومانگ جارێك بەبێ ئەنجامدانی هیچ چاكسازییەك و بەبێ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
یادگاری سدیق گڵاڵی لە رێكخراوەكە لە شیكارێكدا (31 كانونی یەكەم 2020) كە وێنەی داوەتە "ناس كورد"، پاش خستنەڕووی هەندێ ئامار و داتا دەڵێت " لە ماوەی ٨ مانگدا حكومەتی هەرێم بڕی ١ ترلیۆن و ٦٤ ملیار و ٧٢٧ ملیۆن دیناری نەگەڕاندووەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم لەپارەی فرۆشتنی نەوت.
هەروەها دەڵێت پشت بەست بە ڕاپۆرتی دیلۆیت لەساڵی رابوردوودا کە تیایدا هەرێم نرخی نەوتی بە نزیکەی ١١٫٥ کەمتر لەنرخی نەوتی برێنت فرۆشتووە و بەلەبەرچاوگرتنی کەمترین ڕێژەی فرۆشتن كە ٤٢٠ هەزار بەرمیلە لەرۆژێکدا، دەردەكەوێت کۆی ئە پارانەی لە فرۆشی نەوتی ساڵی ڕابوردو لەگەڵ هەشت مانگی ئەمساڵ نەگەڕێنراونەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی لە دوای لێدەرکردنی هەموو خەرجییەکان دەکاتە زیاتر لە ٢ ترلیۆن و١٥٥ ملیار و ٣٧٨ ملیۆن دینارە ( پارەی نزیکەی سێ مانگی موچەیە).
شارەزاكەی رێكخراوی روونبین دەڵێت "هەر بەپێی ئەو داتایانە بێت کە ٥٤% داهاتی نەوت دوای خەرجی دەگەڕێتەوە بۆ هەرێم لە گەڵ داهاتی ناوخۆ و دەروازەکان و هاوکاری هاوپەیمانان دەتوانرێت ٢ مانگ جارێک بەبێ بەغداد موچە دابەش بکرێت بە بێ هیچ چاکسازییەک، ئەی بۆ ناکرێت؟".
لەكۆتاییشدا یادگار سدیق كە یەكێكە لە دامەزرێنەرانی رێكخراوەكە باس لەوە دەكات ئەوە تەنها ئەو ژمارانەیە کە حکومەت و وەزارەتی دارایی و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕایان گەیاندووە. بۆیە پرسیار لەسەر چارەنوسی ئەوپارانە پێویستی بە وەڵامی جدییە لە کاتێکدا موچەخۆر و هاوڵاتی هەرێم لە دۆخێکدایە کە بێوێنەن لە خراپیدا.