گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

عارف قوربانی: ڕێککەوتنەکان لەسەر کاغەزن و جێگای متمانە نین

تۆپى نوسینەوەى دەستور لە گۆڕەپانى پەرلەمانى کوردستاندایە

2019.05.21 - 17:39
App store icon Play store icon Play store icon
تۆپى نوسینەوەى دەستور لە گۆڕەپانى پەرلەمانى کوردستاندایە

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- شەهرام عەزیز دەستور بە دایکى یاساکان و بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت و شێوازی سیستم و حکومڕانى و ڕێکخستنی دەسەڵاتە گشتییەکان دادەندرێت، بەڵام بۆ هەرێمى کوردستان بۆتە گرێکوێرە و تا ئێستا هەرێم بە بێ دەستور ماوەتەوە. . هەرێمی کوردستان تا ئێستا خاوەنی دەستورێکی تایبەت بەخۆی نییە و لەسەرەتای گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمەوە یەکێک لە گرنگترین ئەو خاڵانەی باسی لێوەدەکرا نوسینەوەی دەستور بوو لەم خولەی پەرلەماندا. . بۆچوونى جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی، ئایا لەم خولەی پەرلەماندا دەتواندرێت دەستوری هەرێمی کوردستان بنوسرێتەوە و پەسەند بکرێت یاخود نا؟. . . چاودێرێکى سیاسی نوسینەوەی دەستور بە ئەرکێکی سەرەکی ئەم خولەی پەرلەمان دەزانێت، چونکە نەبوونی دەستور چەندین کێشە دروست دەکات لە داهاتوودا، بەڵام پێشیوایە ئەو پرسە پێویستی بە تەبایی هێزە سیاسییەکانە و ئەوەش لە ئێستادا لە ئارادا نییە، دەشڵێت: "کورد زۆرینەی کات ئامانجە سەرەکییەکانی بەهۆی ناکۆکییەوە لەدەستداوە". . عارف قوربانی، ڕۆژنامەنوس و چاودێر، تایبەت بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "نوسینەوەی دەستور ئەرکێکی سەرەکی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستانە و پێویستییەکی گرنگی دۆخی ئێستای هەرێمیشە، بەڵام نوسینەوەی دەستور پێویستی بە سەقامگیری سیاسی و تەبایی هێزە سیاسییەکانە، چونکە بەپێی ئەو بنامایانەی لیژنەی نوسینەوەی دەستوری لەسەر پێکهێندراوە، پێویستە سەرجەم لایەنەکان کۆک بن لەسەر خاڵەکانی دەستور و بە سازان یەکلا بکرێتەوە". . "لە دۆخێکی وەک ئێستادا و پڕ لە کێشە و گیروگرفت بێگومان لایەنەکان ناتوانن بسازێن، چونکە ئەوە بەشێکە لە خەسڵەتی سەرکردایەتی کورد، کە زۆرجار ناکۆکی و ململانێکان وایان کردووە، ئامانجە گشتی و نەتەوەییەکان فەرامۆش بکرێن بۆ شکاندنی یەکتر"، عارف قوربانى واى وت. . . هاوکات ئەندامێکی لیژنەی نوسینەوەى دەستور، کە لە خولى پێشوى پەرلەمان ئەو لیژنەیە پێکهێندرا، پێیوایە کە ئەگەر پێشوەختە ڕێککەوتنی سیاسی نەکرێت بۆ سیستمی حوکمڕانی، ئەو لیژنەیەی بۆ نوسینەوەی دەستور پێکهێندراوە، زەحمەتە لەم خولەشدا دەست بەکارەکانی بکاتەوە. . ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی نوسینەوەی دەستور، بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "کێشەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لەسەر جۆری سیستمی حوکمڕانییە لە هەرێم، هەر بەو هۆکارەش لە ڕابردوودا لیژنەی نوسینەوەی دەستور کارەکانی پەکی کەوت، بۆیە پێویستە پێشوەختە ڕێککەوتنی سیاسی لەو بارەیەوە بکرێت، ئەگەر نا لەم خولەشدا دەستور نانوسرێتەوە، چونکە ئاماژەکان بۆ ئەوەن دووبارە کێشە لە سیستمی حوکمڕانیدا دروست ببێتەوە". . پارتی دیموکراتی کوردستان کە حزبی یەکەمی هەرێمە و خاوەنی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانییە، بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و پێیوایە ئێستا دۆخێکی زۆر لەبار هەیە بۆ نوسینەوەی دەستور، چونکە ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرقەرارە و هەرێمیش پێویستی بە دەستورە. . عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە هەرێم بەرقەرارە و لایەنە سیاسییەکان بە هەموو جیاوازییەکانەوە یەکتریان قبوڵە و لە کۆتا مەوداشدا بینیمان هونەری گفتوگۆ سەرکەوت و تواندرا ڕێککەوتن بکرێت لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت". .   . ئەو بەرپرسەی پارتی وتیشی، زۆرێک لە خاڵەکانی دەستور نوسراونەتەوە و ئەوەی کە کێشەی دروست کردبوو بە پلەی یەکەم سیستمی حوکمڕانی بوو، کە ئەوەش بەپێی ڕێککەوتنی لایەنەکان بڕیاری لەسەر درا و کرا بە سیستمێکی پەرلەمانی، بۆیە لە ئێستادا هیچ بەربەستێک لەبەردەم تەواوکردنی نوسینەوەی دەستوردا نییە. . لە بەرامبەردا ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت، ئەو ڕێککەوتنەی کراوە لە نێوان لایەنەکاندا بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی نوێی حکومەت بووە و ڕێککەوتن لەسەر پرسە گرنگ و نیشتیمانییەکان و دەستور و ناوچە جێناکۆکەکان نەکراوە. . هاوکات عارف قوربانی ئاماژە بەوە دەکات، ئەو ڕێککەوتنانەی کراون لە نێوان پارتی و یەکێتی  و گۆڕاندا لەسەر کاغەزن و جێگای متمانە نین و هێشتا گرفتیان هەیە و لەکاتی جێبەجێکردنیشیاندا گرفتی دیکە دێتە پێشەوە، بۆیە گومان لەوە دەکرێت کە ڕێککەوتنەکان فەرامۆش بکرێن، یاخود ئەگەر جێبەجێش بکرێن ناکۆکی دروست بکەن. . سەبارەت بە چۆنێتی نوسینەوەی دەستوریش لە هەر کاتێکدا، عارف قوربانی باسی لەوەکرد، لە وڵاتانی دیکەدا پەرلەمان و دادگا لەو پرسە نیشتیمانیانەدا بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیان لەبەرچاو دەگرن، بەڵام لێرە بەوجۆرە نییە، بۆیە پێویستبوو پەرلەمان و دادگا ئەو ڕێکارانەیان بگرتایەتەبەر کە کوردستان دەستورێک بنوسێتەوە کە خواستی حزب بەسەریدا زاڵ نەبێت. . سەبارەت بەو کێشانەشی کە بەهۆی نەبوونی دەستوریشەوە دروست دەبێت ئەو چاودێرە ڕوونیکردەوە، کۆمەڵێک گرفت هەن کە لە هەرێمدا تا ئێستا خەڵک زۆر هەستی پێناکات، بەڵام لە دوای سەرژمێری گشتی عێراق بەڕوونی دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە شێوازی هەڵبژاردنەکاندا و  سیستمی حوکمڕانی و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەریم و  تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان. . لە خولى پێشووى پەرلەمانى کوردستان، لیژنەیەکى 21 کەسى لە ئەندامانى پەرلەمان پێکهێندرا بۆ نوسینەوەى رەشنوسى دەستورى هەرێم، بەڵام بەهۆى ململانێ سیاسییەکانى ئەو کاتەوە، کارى لیژنەکە پەکخرا و تا ئێستا دەستبەکار نەبوونەتەوە. . .