ناس کورد-
نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرزبوونەوەیەکی دیکەی تۆمار کرد و زیاتر لەو نرخە نزیکبووەوە کە بانکى ناوەندى دیاریکردووە، ئەوەش بەهۆى لێشاوى کڕینى ئەو دراوە لەلایەن هاوڵاتییانەوە کە بووەتە هۆى دابەزینى بەرچاوى بەهاى دینار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نرخى 100 دۆلارى ئەمریکى ئەمڕۆ (30ی کانونی یەکەمی 2020)، بەرزبوویەوە بۆ 143 هەزار و 700 دیناری عێراقی، ئەوەش بەرزترین ئاستە لەدواى بەرزکردنەوەى نرخى بەرانبەر دینار لەدوو هەفتەى رابردوودا.
زریان فەلاح لە نوسینگەی شاخی کەڵەکن لە سلێمانى بۆ ئاڵوگۆڕی دراوەکان (30ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی راگەیاند، پێشتر بەهۆی خستنەڕووی دۆلارێکی زۆر لەلایەن هاووڵاتیانەوە نرخەکەی لە بازاڕەکاندا زۆر بەرز نەبووەوە بۆ ئەو نرخەی باس دەکرا کە 100 دۆلار بگاتە سەرو 145 هەزار.
وتیشى "لە ئێستادا خستنەڕووی دۆلار کەمتر بووە لای هاووڵاتیان و جارێکی دیکە دۆلار دەکڕنەوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارو چاوەڕواندەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوو وردە وردە نرخەکەی بەرزتر ببێتەوە".
بانکى ناوەندى عێراق لە ( 19ی کانوونی یەکەمی 2020) نرخى فرۆشتنى 100 دۆلار بە هاوڵاتیان بە 147 هەزار دینار دیاریکرد، بەڵام هێشتا لە بازاڕەکان نەگەیشتووەتە ئەو نرخە و لەخوار ئەو نرخەوە مامەڵەى پێوەدەکرێت.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی سێ هۆکار دیاریدەکات بۆ مامەڵەنەکردن بە نرخە فەرمییەکە و بەرزبوونەوەى زیاترى نرخى دۆلار کە یەکێکیان زۆرى قەبارەی خستنەڕووی دۆلارە لەلایەن هاوڵاتیانەوە.
جەبار کە رۆژانە ئاگادارى وردەکاریی جمجۆڵى نرخى دۆلارە، هۆکارى دووەم دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەى لە ئێستادا هاووڵاتیان جارێکی دیکە ڕوویان لە کڕینی دۆلار کردووە چونکە دڵنیان نرخەکەی بەرز دەبێتەوە، بەوەش خستنەڕووی کەمتر بووە خواستیش لەسەر زیادبووە ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکەى.
دەشڵێت هۆکارى سێیەم ئەوەیە، بەهۆی سەری ساڵەوە زۆربەی بانکەکان حساباتی ساڵانەی خۆیان دەکەن و دۆلاریان نییە بیخەنە ڕوو، بۆیە نرخی دۆلار بەرزتربووەتەوە بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو.
وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی پێشبینی کرد، لە ڕۆژانی داهاتوو نرخی 100 بگاتە سەرو ئەو نرخەی کە لەبانکی ناوەندی دەخرێتە ڕوو، لە بازاڕەکان بە 146 تاوەکو 147 هەزار دینار مامەڵەى پێوەبکرێت.