گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’عەشایەر و نەخوێندەوارەکان’’

كچەكەی ڕەفیق حیلمی كێشەی باوكی و شێخ مەحمود دەگێڕێتەوە

2020.12.29 - 20:43
App store icon Play store icon Play store icon
كچەكەی ڕەفیق حیلمی كێشەی باوكی و شێخ مەحمود دەگێڕێتەوە

ناس کورد-

ژیان ڕەفیق حیلمی لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەوانیدا تیشك دەخاتە سەر هەندێك بیرەوەری مێژویی باوكی و ڕووداوە سیاسییەكانی سەدەی ڕابردوو دەڵێت، "حیلمی ڕەخنەى لە شێخ مەحمود هەبوو، دەیگوت: عەشایەر و نەخوێندەوارى لە دەور خۆى خڕ كردووەتەوە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە دیمانەكەدا كە "گروپی گوڵنار" ئەنجامیانداوە و "ناس كورد" خوێندنەوەی بۆ كردووە (28 كانونی یەكەمی 2020)، ژیان ڕەفیق حیلمی باس لەوە دەكات، باوكی ڕاوێژكار و وەرگێڕى شێخ مەحمود بووە، ڕۆژی مردنەكەشی زۆر گریاوە بۆی لە بەغدا، "بەڵام ڕەخنەى لێی هەبوو دەیگوت: عەشایەر و نەخوێندەوارى لە دەورى خۆى خڕ كردووەتەوە و ئیعتیمادى كردوونەتە سەر، لە كاتێكدا دەبوو ئیعتیماد بخاتە سەر خوێندەوار و ڕۆشنبیرەكان".

 

هەروەها دەڵێت، "باوكم بە جەماعەتی عەشایەرەكانى دەگوت: جەماعەتی سیلاح و تفەنگ! دواى ئەوە باوكم لەگەڵ جەنازەى شێخدا لەبەغداوە هاتەوە بۆ سلێمانى".


ژیان ڕەفیق حیلمی لە بارەى شۆڕشی چواردەى تەموزی عەبدولكەریم قاسمەوە، كە دەڵێن نوورى سەعیدی دوا سەرۆك وەزیرانی عێراق هاتۆتە نزیك ماڵی ئەوان، باس لەوە دەكات، ڕۆژی 14 تەموز كە شۆڕشەكە بوو، سەیارەیەك هاتووەتە بەرامبەر ماڵیان لە بەغدا، دوو ژن لەو سەیارەیە دابەزین، یەكێكیان قۆنەرەى پیاوانەى لە پێدا بوو، چوونە ماڵە دراوسێكەى دەستەڕاست كە برای زیا جەعفەری وەزیری پلاندانان بووە.

 

هەروەها دەڵێت، نورى سەعید پاك بڕۆیان تاشیبوو تا نەناسرێتەوە، كاتێك نورى سەعید گوێی لە هەواڵی مەرگی كوڕەكەى دەبێت، پاش ئەوەش ڕایدەگەیەنن كە هەركەس هەواڵێك لە نورى سەعید بدات بە حكومەتی نوێ، ئەوا بڕی دە هەزار دینارى عێراقی دەكرێتە دیارى ئەو كەسە، چ بە زیندوویی یا بە مردوویی لەترسی هەواڵ لێدان هەڵدێت بەرەو ماڵێكی گاور و لەگەڵ ژنێك بە عەباوە خۆیان بەسەر دیوارەكەدا هەڵداوە و كاتێك دەگەنە مەیدانێك دەستبەجێ سوپا دابارینە سەرى و كوشتیان و بەدوای لۆری رایانكێشاوە.


نوری سەعید یەكێك لە ناسراوترین سیاسییەكانی سەردەمی پاشایەتییە و بۆ ماوەی 14 جار پۆستی سەرۆكایەتی وەزیرانی وەرگرتووە لەنێوان ساڵانی 1930 بۆ 1958 و لە ڕۆژی 14 تەمموزی 1958 كە رژێمی كۆماری راگەیەنرا پاش كوشتنی جەستەی شێوێنراوە و بەدوای ئوتومبیلدا راكێشراوە.