گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خۆپیشاندانەکانی کانون

دوای دوو هەفتە هیچ کەس بەتۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران لە سلێمانی دەستگیرنەکراوە

2020.12.29 - 20:32
App store icon Play store icon Play store icon
دوای دوو هەفتە هیچ کەس بەتۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەران لە سلێمانی دەستگیرنەکراوە

ناس کورد- شەهرام عەزیز

لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەکانی کانون لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر تەقەکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران دوو تۆمەتبار فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەشێک لە کەسوکاری قوربانیان داوای دادگاییکردنی تۆمەتباران دەکەن، هەندێکیشیان نازانن سکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکەن و وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمیش دەڵێت، هەرێم توشی "دواکەوتنی دادپەروەری" بووە، دەشڵێت، هەر دۆسیەیەک لیژنەی بۆ پێکهێندرا، دەمرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە


ڕۆژى (2 کانونی یەکەمی 2020) خۆپیشاندان لەدژى دواکەوتنى موچەى فەرمانبەران و خراپى دۆخى دارایی لە سلێمانیەوە دەستیپێکرد و ڕۆژانی دواتر خۆپیشاندان زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی گرتەوە و خۆپیشاندەران بەشێکی زۆر لە بارەگا حزبییەکانیان سوتاند.



لە 7ی کانونی یەکەمی 2020، لە قەزای چەمچەماڵ یەکەم خۆپیشاندەر بەناوی ئەدهەم یەحیا لەبەردەم بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان کوژرا، دواتریش شەش خۆپیشاندەری دیکە لە دەربەندیخان، کفری، سەیدسادق و تەکیە و کادیرێکی ناوچەی پێنجوێنی پارتی لە پێنجوێن کوژران، هەروەها فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە دوکان گیانی لەدەستدا.


لە بەرواری 10ی کانونی یەکەمی 2020، چەند چالاکوانێک لەژێر ناوی "کۆنگرەی دەنگە ناڕازییەکاندا ڕایانگەیاند، پێشڕەوی خۆپیشاندانەکان دەکەن و 11ی کانونی یەکەمیان دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەبەردەم بینای پارێزگای سلێمانی، بەڵام هەرزوو خۆپیشاندەران بڵاوەیان پێکرا و خۆپیشاندانەکان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان کۆتاییان هات.


دوای زیاتر لە 20 ڕۆژ لە کوژرانی یەکەم خۆپیشاندەر و زیاتر لە دوو هەفتەش بەسەر کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانەکاندا تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر کوژرانی خۆپیشاندەران دەستگیرنەکراوە.


"ئەگەر دەتەوێت دۆسیەیەک بمرێنی لیژنەیەکی بۆ پێکهێنە"



حاکم بەشدار مەجید، وتەبێژی داواکاری گشتیی هەرێم (سێشەممە 29ی کانونی یەکەمی 2020) بە "ناس کورد"ی وت، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی داوای لە فەرمانگەکانی داواکاری گشتیی لە شار و شارۆچکەکان کردووە کە ڵێکۆڵینەوە بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن لەسەر ئەو کەسانەی کە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە، یاخود ئەو خۆپیشاندەرانەی بینا و فەرمانگە و بارەگایان سوتاندووە و زیانیان بە موڵکی گشتی گەیاندووە.


وتیشی، "لەئێستادا کارەکان بە سستی بەڕێوەدەچن و وەک پێویست نین، چونکە لەم هەرێمەدا لەئێستادا کێشە کەوتووەتە نێو هەموو کایەکانی ژیانەوە، هەروەها لە هەندێک ناوچەش دۆخەکە بەشێوەیەک نییە کە لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی ڕاست بڕوات."



لە هەرێمی کوردستان زۆرجار کاتێک ڕووداوێکی تایبەت بە پرسی گشتی ڕوودەدات، لیژنەیەکی حکومی یاخود پەرلەمانی بۆ پێکدەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە پرسەکە.



وتەبیژی داواکاری گشتی دەڵێت، "ئەگەر دەتەوێت، دۆسیەیەک بمرێنی، لیژنەیەکی بۆ پێکبهێنە، بۆیە من لەگەڵ دروستکردنی هیچ لیژنەیەکدا نیم بۆ هیچ ڕووداوێک، لە زۆر ڕووداوی دیکەدا لیژنە پێکهێنراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە."

ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن - بۆ گالاکسی - بۆ هواوى

"تاوان لیژنەی ناوێت، تاوان دەبێت دەزگا یاساییەکان کاری تێدا بکەن و دەسەڵاتیان پێبدرێت و دەست لەسەر ئەو ناوانە دابنرێت کە تاوانیان ئەنجامداوە و داواکاری گشتی لێکۆڵینەوەی خۆی بکات و وردەکارییەکەی بداتە لایەنی پەیوەندیدار و لە دادگا بڕیاری لەسەر بدرێت."، وتەبێژی داواکاری گشتی وای وت.



"دوو کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە"



بەشێک لە کەسوکاری خۆپیشاندەران سکاڵایان تۆمارکردووە و تائێستا "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو کەس دەرکراوە" بەڵام هیچ کەسیان دەستگیرنەکراون و بەشێکیشیان نازانن سکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکەن، یاخود بڕوایان بە سکاڵا تۆمارکردن نییە.


محەمەد شکور، باوکی شڤان یەکێک لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی کفری بە "ناس کورد"ی وت، "سکاڵامان لەسەر عوسمان حەسەن، فەرماندەی لیوای 136 لە هێزەکانی 70 تۆمارکردووە و فەرمانی دەستگیردنیشی بۆ دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە."


هاوکات، سەرهەنگ عوسمان، برای سەربەست عوسمان کە یەکێک بوو لە قوربانییەکانی خۆپیشاندانەکانی دەربەندیخان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "سکاڵامان لەسەر بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە دەربەندیخان تۆمارکردووە کە 'فەرەج' ناوێکە و فەرمانی گرتنەکەشی لە دادگای دەربەندیخان دەرچووە، بەڵام تائێستا دەستگیرنەکراوە و نازانین لەکوێیە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە


سەرچاوەیەکی ئاگاداریش لە پۆلیسی دەربەندیخان، دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی پشتڕاستکردەوە و بە "ناس کورد"ی وت، "بەڵێ ڕاستە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانەکە گشتاندنی بۆ نەکراوە."



هەروەها، یونس ئەحمەد، مامی ئەدهەم یەحیا کە یەکەم قوربانیی خۆپیشاندانەکانی هەرێم بوو بۆ "ناس کورد" وتی، "سکاڵامان لەسەر ئەو کەسانەی کە لە بارەگاکەی پارتیدا بوون تۆمارکرد، بەڵام تائێستا کەس دەستگیرنەکراوە."



"نازانین سکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکەین"


لەلایکی دیکەوە، محەمەد جەبار، برای ئاکار جەبار، یەکێک لە قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی سەیدسادق، بە "ناس کورد"ی وت، "نازانین سکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکەین، چاوەڕوانین کەسی تۆمەتبار دیاری بکرێت، قائیمقامی سەیدسادق سەرەتا بەڵێنی پێداین کە تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە، بەڵام دواتر پەشیمان بووەوە."



بەهەمانشێوە، باوکی هیوا، ئەو گەنجەی لە خۆپیشاندانەکانی ناحیەی تەکییە گیانی لەدەستدا، بۆ ناس کورد وتی، نازانن سکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکەن و بڕواشیان بەوە نییە یاسا سەروەر بێت و سزای تۆمەتباران بدات.



لاهور شێخ جەنگی بەڵێنی چی بە کەسوکاری قوربانیان دا؟



لەماوەی ڕابردوودا، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەردانی ماڵی سەرجەم کوژراوانی خۆپیشاندانەکان کرد.



سەرجەم کەسوکاری ئەو قوربانیانەی "ناس کورد" قسەی لەگەڵ کردن، جەختیان لەوەکردەوە کە هاوسەرۆکی یەکێتی بەڵێنی پێداون کە ئەو کەسانەی تۆمەتبارن بە کوشتن و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران دەدرێنە دادگا.



محەمەد شوکری باوکی قوربانییەکەی کفری باسی لەوەکرد، "لاهور شێخ جەنگی بەڵێنی پێداین کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی تۆمەتبارن دەستگیربکرێن و بدرێنە دادگا، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە."



ئەپی نوێی ناس کورد دابەزێنە بۆ بینینی بەپەلە و هەواڵەکان: بۆ ئایفۆن - بۆ گالاکسی - بۆ هواوى


"ئێمە جەرگمان سوتا بە جەرگی کەسی دیکە نەسوتێت"



باوکی شڤان باسی لەوەشکرد، "تازە کوڕەکەی ئێمە ڕۆشت، 20 ڕۆژە لەماڵی ئێمەدا پرسە و شیوەن و گریانە، ئێمە هیچ شتێکمان ناوێت تەنها ئەوە نەبێت کە ئەو کەسانە دەستگیربکرێن و بە سزای خۆیان بگەیەنرێن، تەنها ئەوە سەبوری ئێمە دەدات و ساڕێژی جەرگی سوتاومان دەکات."



محەمەد جەباری برای ئاکار جەباریش دەڵێت، " تەنها داوای ئێمە ئەوەیە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکوژی براکەم بدۆزنەوە و بیدەنە دادگا بۆ ئەوەی کەسیتر نەوێرێت ئیتر تەقە لە منداڵی خەڵک بکات."



دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دوو بەرپرس، بەڵام دەستگیرنەکردنی هیچ تۆمەتبارێک بە کوشتن و تەقەکردن لە خۆپیشاندەران تائێستا، لەکاتێكدایە، لە خۆپیشاندانەکاندانی 17ی شوباتی و ڕۆژانی دواییدا چەندین کەس بوونە قوربانی و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەندین کەس دەرکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەس دەستگیرنەکراوە.



لە بەرامبەردا، ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران و چالاکوانان لە خۆپیشاندانەکداندا دەستگیرکراون و بەشێکیان تاوەکو ئێستاش ئازاد نەکراون.

 

"توشی دواکەوتنی دادپەروەری بووین" 

 

حاکم بەشدار مەجید دەڵێت، " یەکێک لە کێشە گەورەکانی بەردەم دواکەوتنی یەکلابوونەوەی کەیسەکان لە هەرێم دیارنەکردنی ماوەیەکە بۆ کەیسەکە 'سەقفی زەمەنی' کە ئەوەش وادەکات کەیسەکان دوابکەون، هەندێک جار خەڵک هەیە دەمرێت هێشتا کەیسەکەی یەکلانەکراوە."



وتەبێژی داواکاری گشتیی هەرێم دەشڵێت، "هەندێک جار لە هەرێم توشی چەمکی 'دواکەوتنی دادپەروەری' دەبین، چونکە کەیسەکان هێندە دوادەکەون، ئەوەتا ڕووداو هەیە نزیکەی 10 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام ئەنجامەکەی هێشتا دەرنەکەوتووە کە کێ تاوانبارە و کێ بێتوانە."



جەختیشیکردەوە، "بۆیە گرنگترین کار ئەوەیە کە کاتێک لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێک دەکرێت ماوەیەکی بۆ دیاریبکرێت و لەو ماوەیەدا لێکۆڵینەوەکان تەواو بکرێن، نەوەک کەیسەکان بمرێنرێت."