گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمان وادەى خوێندنەوەى یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى ئاشکرا کرد

2020.12.29 - 19:58
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمان وادەى خوێندنەوەى یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى ئاشکرا کرد

ناس کورد-

بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پەرلەمان لە سەرەتای مانگی داهاتوو (کانونی دووەم) دەست بە خوێندنەوەى یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021 دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

بەشیر حەداد لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی حکومەتی عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، "لە پەرلەماندا گفتوگۆی چڕ دەکرێت بە ئاڕاستەی کەمکردنەوەى خەرجییە ناپێویستەکان لە بودجەى 2021دا."

 

دەشڵێت، "ڕێکارەکانی یاسادانان بۆ پڕۆژەیاسای بودجە 20 بۆ 30 ڕۆژی پێدەچێت."

 


ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی ڕەوانەی پەرلەمان کرد،  داهاتی گشتی عێراق لە بودجەکەدا بە 93 تریلیۆن دیاریکراوە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 164 تریلیۆن دینار دیاریکراوە، ڕێژەی کۆرتهێنانی گشتیش بە 71تریلیۆن دینار جێگیرکراوە.  

 


بە گوێرەی پڕۆژەی هەموارکراوی بودجەی ساڵی 2021 کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە ڕەوانەی پەرلەمان کراوە (29ی کانونی یەکەمی 2020) کە وێنەیەکی دەست "ناس کورد" ناوەڕۆکی بودجەکە بەم شێوەیەی لای خوارەو داڕێژراوە.  

  

کۆی گشتی داهات 93 تریلیۆن دینارە لەسەر بنەمای هەناردەکردنی نەوتی ڕۆژانە بەڕێژەی 3.25 مليۆن بەرمیل بەنرخی 42 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، نرخی هەر دۆلارێکیش بە 1450 دینار جێگیرکراوە. 

 


کۆی گشتی بودجە تەرخانکراو 164 تريليۆن دينارە، خەرجی بەگەڕخستنیش 120 تريليۆن دينارە، داهاتە نەوتییەکان 73 تريليۆن دینارە، داهاتە نانەوتییەکان 20 تريليۆن دینارە.  

  

هەروەها کۆی گشتی کۆرتهێنان لە بودجە بە 71 تريليۆن دینار دیاریکراوە، پارەی داواکراو بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی تەمویلکردنی بودجە 47 تريليون دینارە.  

  

بەگوێرەی ناوەڕۆکی بودجەکە، شێوازی پڕکردنەوەی کورتهێنان دیاریکراوە کە ئەوەش لەڕێگەی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکییەوە دەبێت، ئاماژە بەوەشکراوە، پشکی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەک دەبێت، ئەوەش دوای لابردنی پارەی خەرجییە  سیادییەکان.  

  

بەگوێرەی پڕۆژە یاساکە، دەبێت هەرێمی کوردستان پابەند بێت بەڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەکۆمپانیای سۆمۆ، هەر بە گوێرەی ناوەڕۆکی بودجەکە، موچەی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت.  

  

لە پڕۆژەیاساکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە ساپەندی باج بە ڕێژەی لە 20% لەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن بەردەوام دەبێت و بەرێژەی لە 20% باج دەخرێتە سەر هاوردەکردنی جگەرە وخواردنەوە کحولییەکان، هەروەها بەرێژەی لە 10% باج دەخرێتە سەر فرۆشتنی ئۆتومبێل ولە 10% باج دەخرێتە سەر فرۆشی مۆڵەکان.    

  

لە پرۆژەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو قەرزانەی کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندایە بۆ بانکی "تی بی ئای" ڕێک دەخرێتەوە ودەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا بدرێتەوە بەو بانکە".  

  

لە پرۆژە یاساکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر سەپاندنی باج بە ڕێژەی لە 40٪ لەسەر موچەی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق.  

  

سەبارەت بە ساپاندنی باج لەسەرموچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، ئاماژە بەوەکراوە 500 هەزار فەرمانبەری حکومەت لە پێدانی باجی سەر موچە دەبەخشرێن، ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەکانیان لە نێوان 500 هەزاربۆ ملیۆنێک دینار دەبێت لە 10% باج دەخرێتە سەر موچەکانیان.  

  

هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەکانیان لە نێوان ملیۆنێک و بۆ ملێونێک و500 هەزارە لە 20% باج دەخرێتە سەرموچەکانیان، ئەو فەرمانبەرانەشی کە موچەکانیان لە ملیۆنێک و500 هەزار زیاترە لە 30% باج دەخرێتە سەر موچەکانیان.  

  

بەگوێرەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 کۆی گشتی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی عێراقبە هەرێمی کوردستانەوە، سێ ملیۆن و 263 هەزار فەرمانبەرە کە 682 هەزاریان فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستانن.  

  

ئەوەشخراوەتەڕوو، پارەی تەرخانکراو بۆ موچەی فەرمانبەرانی حکومەت لە بودجە ساڵی 2021، 53 تريليۆن دينارە کە دەکاتە  36 مليار دۆلار.